" تەمەنی 45 ساڵی و کەمبوونەوەی توانای وەچە خستنەوەی پیاوان "

1     کاتژمێر پێش ئێستا  37 جار خوێنراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی تەمەنی 45 ساڵی وەک "مەودایەکی مەترسیدار" بۆ کەمبوونەوەی توانای وەچە خستنەوەی پیاوان دیاریدەکات و ئاماژە بەوە دەکات، لەم تەمەنەدا تێکچوونی پێکهاتەی بۆماوەیی تۆوەکان ( سپێرم ) بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
 
لە کۆنگرەی ساڵانەی دەستپێشخەریی ئاسیا و زەریای هێمن بۆ منداڵبوون (ASPIRE) کە لە شاری پەکین بەڕێوەچوو، ئەنجامەکانی توێژینەوەیەک خرایەڕوو، دەری دەخات لە دوای تەمەنی 45 ساڵییەوە، ئاستی پارچەپارچەبوونی دی ئێن ئەی (DNA Fragmentation) لە ناو تۆوەکاندا بەرز دەبێتەوە. ئەمەش پیتاندنی هێلکە قورس دەکات و دەبێتە هۆی تێکچوونی گەشەی کۆرپەلە و بەرزبوونەوەی رێژەی لەبارچوونی منداڵ.
 
یێکسین سیۆ، پسپۆڕی کۆرپەلەزانی و سەرپەرشتیاری تیمی توێژینەوەکە رایگەیاند، پیاوانی تەمەن 45 بۆ 49 ساڵ ئەو گرووپەن کە زۆرترین بەرزبوونەوەیان لە تێکچوونی دی ئێن ئەی تۆوەکانیاندا تۆمار کردووە بەراورد بە تەمەنەکانی دیکە. 
 
ئەم توێژینەوەیە لە رێگەی شیکردنەوەی داتاکانی ناوەندێکی گەورەی منداڵبوون لە مالیزیا کراوە، کە تێیدا 249 پیاو لە پێنج گرووپی تەمەنی جیاوازدا (لە 30 ساڵییەوە تاوەکو سەروو 50 ساڵی) پشکنینیان بۆ کراوە. 
 
یێکسین سیۆ باسی لەوە کرد، ئەنجامەکان زیادبوونی پلەبەندیی تێکچوونی دی ئێن ئەییان لەگەڵ چوونە ناو تەمەن نیشانداوە، بەڵام ئەم دیاردەیە لە تەمەنی 45 ساڵییەوە زۆر بە روونی دەردەکەوێت و دوای تەمەنی 50 ساڵی لە ئاستێکی بەرزدا جێگیر دەبێت.
 
سیۆ ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە پێویستیان بە توێژینەوەی گەورەتر هەیە، بەڵام کارەکەیان بە روونی ئەو تەمەنەی دەستنیشان کردووە کە تێیدا توانای منداڵبوون پاشەکشە دەکات. 
 
ئەو پسپۆڕە پێشنیازی کرد، ئەو هاوژینانەی پەنا بۆ تەکنەلۆژیای یاریدەدەری منداڵبوون دەبەن، دەبێت رێنمایی بکرێن لەبارەی کاریگەریی تەمەنی پیاوان لەسەر سەرکەوتنی پڕۆسەکە. هەروەها دووپاتیکردەوە، ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە سەروو 45 ساڵییەوەیە، پێویستە پشکنینی تایبەت بە دی ئێن ئەی بۆ تۆوەکانیان بکەن.
 
بەپێی ئامارە جیهانییەکان، نەزۆکی کاریگەریی لەسەر یەک لە هەر شەش هاوژین لە جیهاندا هەیە. نەزۆکی بەو حاڵەتە دەگوترێت کە هاوژینەکان دوای ساڵێک لە پەیوەندیی سێکسیی بەبێ بەکارهێنانی رێگری، نەتوانن منداڵیان ببێت. زاناکان باسی ئەوە دەکەن، هۆکارەکانی نەزۆکی بە یەکسانی (50٪ بە 50٪) لە نێوان ژنان و پیاواندا دابەش بوون.
 
کۆنگرەی (ASPIRE) لە پەکین، کە نزیکەی سێ هەزار زانا و پزیشک و پسپۆڕی بواری منداڵبوونی تێدا بەشدارە، سەرنجی خستووەتە سەر کێشەی دابەزینی رێژەی منداڵبوون لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن، کە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی جیهان روو لە کەمبوونەوەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە