بە دوو هەفتە تەندروستی دەرونیت باشتر بکە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

تەنها دوو هەفتە دوورکەوتنەوە لە سۆشیاڵ میدیا.. ئەنجامەکان بۆ تەندروستی دەروونی سەرسوڕهێنەرن!.

توێژەران ئاشکرایان کردووە کە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها بۆ ماوەی دوو هەفتە، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی تەندروستی دەروونی و زیادبوونی تەرکیز، ئەمەش هاوسەنگی مەعریفی بۆ مرۆڤ دەگێڕێتەوە کە بەهۆی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی دیجیتاڵیدا لەدەست چووە.

توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر ٤٦٧ کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە (تەمەنی تێکڕایان ٣٢ ساڵ بووە). لێیان داواکراوە بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ پەیوەندییان بە ئینتەرنێتەوە لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە کەم بکەنەوە، تەنها بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی و نامەی دەنگی (SMS) نەبێت. توێژەران ئەپڵیکەیشنی “Freedom”یان بەکارهێناوە بۆ بلۆککردنی ئینتەرنێت و ئەو بەرنامانەی پێویستیان بە تۆڕ هەیە، وەک سۆشیاڵ میدیا، ئەپەکانی هەواڵ و گەڕان.

بەشداربووان بۆ دوو گرووپ دابەشکران و دواتر جێگۆڕکێیان پێکرا بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکان بە وردی پێش تاقیکردنەوەکە، لەکاتی تاقیکردنەوەکە و دوای تاقیکردنەوەکە بپێورێن.

 ئەنجامە سەرەکییەکان:

کەمبوونەوەی کاتی شاشە: تێکڕای کاتی بەکارهێنان لە ٥ کاتژمێرەوە بۆ کەمتر لە ٣ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا دابەزی.

تەندروستی دەروونی: نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد، لە بەرانبەردا ئاستی ڕەزامەندی لە ژیان و هەستە ئەرێنییەکان بەرزبووەوە.

توانای ژیری (تەرکیز): تاقیکردنەوەکان دەریانخست کە توانای سەرنجدان و تەرکیز زۆر باشتر بووە. توێژەران دەڵێن ئەم باشتربوونە هاوتایە لەگەڵ “پێچەوانەکردنەوەی تێکچوونی ژیری” کە ڕەنگە بەهۆی ١٠ ساڵ بەکارهێنانی زۆری ئامێرە دیجیتاڵییەکانەوە دروست بووبێت.

گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا

داتاکان دەریانخستووە کە بەشداربووان کاتی بەکارهێنانی مۆبایلیان بە چالاکییە سوودبەخشەکانی ناو ژیانی ڕاستەقینە پڕکردووەتەوە، وەک:

پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڕاستەوخۆ (ڕووبەڕوو).

وەرزشکردن و خوێندنەوە.

بەسەربردنی کات لە ناو سروشتدا.

 ڕای پسپۆڕان

دکتۆر کۆستادین کۆشلیڤ، مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی جۆرج تاون، دەڵێت: “کەمکردنەوەی نوقمبوون لە جیهانی دیجیتاڵیدا یارمەتی گێڕانەوەی توانای سروشتی تەرکیز دەدات و پەرشوبڵاوی ژیری کەم دەکاتەوە.”

ئەم توێژینەوەیەی کە لە گۆڤاری PNAS Nexus بڵاوکراوەتەوە، جارێکی تر مەترسییەکانی “ئالودەبوونی دیجیتاڵی” لەسەر تەندروستی مێشک و دەروون دەسەلمێنێت، بەتایبەت لەناو گەنجاندا.

سەرچاوە: دەیلی مەیل


   ئەمانەش بخوێنەرەوە