دەوڵەت باخچەلی: کورد کاری بەکرێگیراوی ناکات و ناشبێت بیکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر کردەیەکی سەربازیی زەومینیدا لەسەر داوای ویلایەتە یەکگرتووەکان یان هەر وڵاتێکی دیکە دەڵێت، "کورد کاری بەکرێگیراوی ناکات و ناشبێت بیکات."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەیە، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد.
باخچەلی لەبارەی جەنگی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەگەری بەشداریکردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر کردەیەکی سەربازیی زەوینیدا لەسەر داوای ویلایەتە یەکگرتووەکان یان هەر وڵاتێکی دیکە قسەی کرد و رایگەیاند، "کورد کاری بەکرێگیراوی ناکات و ناشبێت بیکات." گوتیشی، "برا کوردەکانم بۆ فرۆشتن نین. بۆ کرێ نین. بکوژ نین. ناتوانرێ وەکو کەرەستە لە پڕۆژەی ئەم و ئەودا سەیر بکرێن و نیشان بدرێن."
باخچەلی لەبارەی پەیوەندی کورد و تورک لە تورکیاشدا قسەی کرد و رایگەیاند، "کورد گەلێکی بەشکۆ و سەربەرز و بەڕەچەڵەکە ئەوانەی لە رێگەی برایەتیی تورک و کوردەوە بەرەیەک دەکەنەوە و بیر لەوە دەکەنەوە تورک و کورد بە شەڕ بدەن، نامەردن و هەڵوێستێکی دووژمنکارانەیان هەیە. تورک و کورد بران و هاوبەشی چارەنووسن."
باخچەلی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو سیناریۆیانە لەبەرچاو دەگرن کە بۆ رووبەڕووکردنەوەی تورکیا و ئێران دادەڕێژرێن و داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد بە هەستیارییەوە مامەڵە بکەن و هەنگاو بنێن.
باخچەلی وتی، "پێویستە هەموو جیهان بزانێت کە نامانەوێ جارێکی دیکە مووشەکێکی ونبوو لە ئاسمانماندا ببینین."
|