سوودانی بۆ روبیۆ: لە شەڕ تێوەناگلێین

1     کاتژمێر پێش ئێستا  17 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێگەیشت و تێیدا پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە. بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی بە روبیۆی گوتووە، "عێراق پابەندە بە پاراستنی باڵیۆزخانە، کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لەسەر خاکەکەی."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سوودانی و روبیۆ باسیان لە دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای راگەیاندووە، "عێراق پابەندە بە پاراستنی باڵیۆزخانە، کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لەسەر خاکەکەی، ئەمەش بەشێکی سەرەکییە لە ئەرکی هێزە چەکدارەکانمان بە هەموو جۆر و پێکهاتەکانییەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی بەکارنەهێنانی خاک، ئاسمان و ئاوی عێراق کردووەتەوە بۆ هەر کارێکی سەربازی کە وڵاتانی دراوسێ یان ناوچەکە بکاتە ئامانج. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، "عێراق بە هەموو دەسەڵات و هێزە سیاسی و نیشتمانییەکانییەوە، پابەندە بەو هەڵوێستە بنەڕەتییەی کە وڵاتەکەیان لە ململانێ سەربازییەکان تێوەنەگلێت و رەتیشی دەکەینەوە ئاسمانی عێراق لەلایەن هەر لایەنێکەوە ببەزێنرێت."
 
هەر ئەمڕۆ، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، روبیۆ لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ سوودانی، "جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری هەموو رێکارە گونجاوەکان کردووەتەوە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم پەیوەندییەدا بە تووندی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە تارانی لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق" سەرکۆنە کرد.
 
تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەی سوودانی و روبیۆ، تایبەت بووە بە دۆسیە ئابوورییەکان. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "هەردوولا باسیان لە کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی خاکی تورکیاوە کردووە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە