نرخی غازی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی جەنگەوە بەرز دەبێتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
198 جار خوێنراوەتەوە
لە هەرێمی کوردستان نرخی گاز (LPG) کە زیاتر لە ماڵان بەکاردەهێندرێ، بەشێوەی بازرگانی بەرزبووەتەوە و بوتڵێک لە نزیکەی 9 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە سەروو 15 هەزار دینار. لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، راگرتنی بەرهەمهێنانی gاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بەهۆی جەنگەوە هۆکارە.
ئەمڕۆ نرخی بوتڵێک گازی ماڵان بەشێوەی بازرگانی لە هەولێر لەنێوان 17 بۆ 20 هەزار دینارە، لە سلێمانی 15 بۆ 17 هەزار دینار و لە دهۆک 14 بۆ 15 هەزار دینارە.
ئەندازیار قارەمان عەبدولڕەحمان، بەرپرسی بەشی غاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، بە رووداوی وت: "بەرزبوونەوەی نرخ هۆکارەکەی راگیرانی بەرهەمهێنانی گازە لە کێڵگەی کۆرمۆر و کەمبوونەوەی دابەشکردنی گازی حکومی".
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، بەرهەمهێانی غاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر راگیرا. ئەو هەنگاوە جگە لە کەمبوونەوەی غازی ماڵان، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی.
بەرپرسی بەشی غاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی راشیگەیاند: "دابەشکردنی غازی حکومی بەردەوامە، بەڵام کەمە و ئەوەی هەیە زیاتر لە هاوینی رابردوودا کۆگا کراوە کە خواست لەسەری کەم بووە".
قارەمان عەبدولڕەحمان وتی: "بەشێکی کارگەکانی سنووری سلێمانی بەشیان لە کەرکووک هەیە و لەوێ غاز وەردەگرن، ئەوەش باشبووە بۆ رێگری لە زۆر بەرزبوونەوەی نرخی غازی بازرگانی".
بەرپرسی بەشی غاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، کە غاز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن بۆ ئەوەی بە یەکجاریی کۆتایی نەیەت".
|