ترەمپ: ئێران هەموو شتێکی لەدەستداوە و هێرشی زەمینی بەفیڕۆدانی کاتە
8 کاتژمێر پێش ئێستا
50 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران "هەموو شتێکی لەدەستداوە" و لەم کاتەدا هیچ پێویست بە هێرشی زەوینی ناکات، چونکە بە گوتەی ئەو کارێکی لەو شێوەیە تەنیا "بەفیڕۆدانی کاتە".
لە حەفتەمین رۆژی جەنگەکەدا، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی، وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێرانی دایەوە سەبارەت بە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی زەمینی و وتی: "ئەوە لێدوانێکی بێمانایە و من ئێستا بیری لێ ناکەمەوە. ئەوان هەموو شتێکیان لەدەستداوە؛ هێزی دەریاییان نەماوە و هەرچییەکی دیکەشکە دەکرا لەدەستی بدەن، لەدەستیان داوە."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە هێزی سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کۆگاکانیان پڕن لە چەک و تەقەمەنی: "ئێمە بڕێکی یەکجار زۆر تەقەمەنیمان هەیە کە خەڵک لێی تێناگات. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاترمان هەیە و لە وڵاتانی دیکەش بڕێکی زۆرمان کۆگا کردووە."
تڕەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە قۆناغی دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت واشنتن رۆڵی هەبێت لە هەڵبژاردنی رێبەری نوێی ئەو وڵاتەدا.
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ئێران، ترەمپ گوتی: "دەمانەوێت بچینە ناوەوە و هەموو شتێک پاک بکەینەوە. نامانەوێت کەسێک بێتە سەر کار کە جارێکی دیکە لە ماوەی 10 ساڵدا وڵاتەکە بنیات بنێتەوە. ئەوان بەجۆرێک لێیان دراوە کە پێشتر بەر هیچ لایەنێک نەکەوتووە."
تڕەمپ ئەوەشی ئاشکرا کرد، چاویان لە گۆڕانکاریی ریشەییە و گوتی: "دەمانەوێت رێبەرێکی باشیان هەبێت. ئێمە هەندێک کەسمان لەبەرچاوە کە پێمان وایە دەتوانن کارێکی باش بکەن."
|