سەرۆکایەتییەکانی عیراق ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەرێم دەکەن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  140 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکایەتییەکانی عێراق لە کۆشکی بەغداد کۆبوونەوەو هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقیان دووپاتکردەوە لە دژی بەکارهێنانی خاکەکەی وەک شوێنی هێرش کردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتەکانیان، هەروەها ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کرد کە شار و پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقی کردۆتە ئامانج و بە پێشێلکردنی سەروەری نیشتیمانی دانرا.

دەقی ڕاگەیەندراوەی کۆبوونەوەکە:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئازاری 2026، سەرۆکایەتییەکان کۆبوونەوەیەکیان لە کۆشکی بەغداد ئەنجامدا بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار بەڕێز عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێز هەیبەت حەمەد حەلبوسی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەڕێز فایەق زێدان.

لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوەیەکی قووڵ بۆ دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکان لەسەر هەردوو گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانیان لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق کرا.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە باسیان لەو میکانیزمانە کرد، کە حکومەت پەسەندی کردووە بۆ ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو ململانێی دەرەکییەکان، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێوشوێنەکانی حکومەت دەربڕی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەری وڵات و دەستەبەرکردنی سەلامەتی نێردە دیپلۆماسییەکان و جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی ڕۆڵی سەرەکی و هاوسەنگی عێراق لە بتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

سەرۆکایەتییەکان هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقیان دووپاتکردەوە لە دژی بەکارهێنانی خاکەکەی وەک شوێنی هێرش کردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتەکانیان، هەروەها ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کرد کە شار و پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقی کردۆتە ئامانج و بە پێشێلکردنی سەروەری نیشتیمانی دانرا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستی ڕاگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکە و ڕێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتان کرایەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی بازنەی ململانێکان و جەخت لەوە کرایەوە کە پەنابردن بۆ دانوستان و چارەسەری دیپلۆماسی باشترین ڕێگایە بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە کاردانەوە مەترسیدارەکان لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

لە ئاستی ناوخۆدا ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە باسیان لە گرنگی خێراکردنی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و بەهێزکردنی یەکگرتووی نیشتمانی کردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی ئێستا، جگە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزاری گشتی بۆ هاووڵاتیان و درێژەدان بە ڕێبازی چاکسازی و گەشەپێدانی بەردەوام.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، بۆ چەسپاندنی یاسا، هەروەها لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن یان سۆشیال میدیاوە دەنگۆی ناڕاست بڵاودەکەنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییە ڕاستەوخۆیەی ئەم جۆرە کارانە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆ و بەگوێرەی ڕێکارە یاسایی و دادوەرییەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

•••••
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران


   ئەمانەش بخوێنەرەوە