ئێران بۆ ترەمپ: پلانی لەسێدارەدانی خۆپێشاندەرانمان نییە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  28 جار خوێنراوەتەوە

دوای هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند پێیان راگەیێندراوە کوشتار لەو وڵاتە وەستاوە؛ وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، هیچ پلانێکیان بۆ لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران نییە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "ئاگادارکراومەتەوە کوشتنی خۆپێشاندەران لە ئێران راگیراوە و هیچ پلانێک نییە بۆ لەسێدارەدانیان. ئەوەم پێڕاگەیێندراوە و لێکۆڵینەوەی لێدەکەین."
 
ترەمپ هۆشداری دا، ئەگەر زانیارییەکان راست نەبن "زۆر تووڕە دەبێت" و ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوە دەکەن بزانن ئاخۆ پێویست بە هەنگاوی دیکە دژی ئێران دەکات یان نا.
 
لێدوانەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات، پێشتر هەڕەشەی دەستوەردان و هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران کردبوو، ئەگەر کوشتن و لە سێدارەدانی خۆپێشاندەران بەردەوام بێت.
 
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای ئەمریکی راگەیاند: "ئەمڕۆ و سبەی هیچ پلانێک نییە بۆ لە سێدارەدان."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی گرووپێکی ناردووەتە نێو وڵاتەکەی بۆ کوشتنی خۆپێشاندەران و زیادکردنی ژمارەی کوژراوان، تاوەکو ئەمریکا ناچار بە دەستوەردان بکات.
 
دوای ئەو لێدوانانە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویانکردەوە، بڕیاربوو ژمارەیەک خۆپێشاندەر، لەنێویاندا (ئیرفان سوڵتانی)ـی تەمەن 26 ساڵ لە سێدارە بدرێن، بەڵام ئێستا بڕیارەکە هەڵوەشاوەتەوە.
 
نزیکەی سێ هەفتەیە خۆپێشاندان شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە؛ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە کوژرانی زیاتر لە سێ هەزار و 400 کەس و دەستگیرکردنی نزیکەی 10 هەزار کەسی دیکە دەکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە