مەسعود بارزانی: هەوڵدەدەم كێشەكانی سوریا بە ئاشتی چارەسەر بكرێن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود بارزانی، لە کاتی پێشوازی هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، هەرچی لە توانایدابێت بۆ هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی بەهێز، درێخی ناکات. لەبارەی سوریاشەوە دەڵێت، "هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی هەمو کێشەکان دور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن".
بارەگای بارزانی، رۆژی سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بە سەرۆکایەتی جوشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی ئاراستەی مەسعود بارزانی و گەلی کوردستان کرد و کورتەیەکی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی یەکگرتو لە عێراق بۆ سەرۆکی پارتی خستەڕو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە؛ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕۆشنایشی خستەسەر دۆخی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی سوریا، و ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی مەسعود بارزانی کرد لە خستنەسەرپێی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا.
بارەگای بارزانی باسی لەوەشكردوە، "مەسعود بارزانی لەبارەی دۆخی عێراق دڵنیایی ئەوەی بۆ شاندی میوان دوپاتکردەوە کە هەرچی لە توانایدابێت، بۆ هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی بەهێز درێخی ناکەن".
دەشڵێت، "لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گیروگرفتەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لەلایەک چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ".
سەبارەت بە دۆخی سوریا و ئالنگارییەکانی ناوچەکە بە گشتی، بارزانی ئەوەی دوپاتکردەوە کە هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی هەمو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و، دور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن. ئەوەش بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی.
ئەوە لەكاتێكدایە 6ـی ئەم مانگە گروپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق، هێرشیان كردە سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب كە كوردنشینن و شەڕێكی پێنج ڕۆژە لە نێوان ئەو گروپانە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەكەكە ڕویدا و دواتر بە ئاگربەستێك لە 11 ئەم مانگە كۆتاییهات.
|