لە ئامەد هەزاران کەس دژی هێرشی سەر کوردانی حەڵەب گردبوونەوە

20   کاتژمێر پێش ئێستا  89 جار خوێنراوەتەوە

لە ئامەد، هەزاران هاووڵاتی رێپێوانێکیان بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب ئەنجامدا.
 
خەڵکی ئامەد رێپێوانێکیان لە دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەبی سووریا بەڕێکرد و سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد. 
 
هەزاران هاووڵاتی بە بەشداریی نوێنەرانی چەندین پارتی سیاسی و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە لەبەردەم مۆنۆمێنتی مافی مرۆڤ لە پارکی کۆشویۆڵوی قەزای یەنی شەهیر گردبوونەوە و، رێپێوانێکیان ئەنجامدا.
 
چیدەم کڵچگون ئوچار و کەسکین بایندیر، هاوسەرۆکانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد کە بەرەو ئازەجە پلازا لە گەڕەکی ئۆفیس بەڕێوەچوو. جەماوەرەکە بە چەپڵە و درووشم گوتنەوە گەیشتنە بەردەم ئازەجە پلازا و یاریی ئاگرینیان تەقاند.
 
کەسکین بایندیر، هاوسەرۆکی دەبەپە، لە وتارێکدا هێرشەکانی سەرکۆنە کرد و ئاماژەی بەوەدا، گەلی کورد، ژنان، منداڵان، دایکان و خەڵکی سڤیل لەژێر هێرشی چەکدارانی دەستەی تەحریر شامدان و وتی، "سەتان بریندار و دەیان شەهیدمان هەن. لە ئامەد و لە کوردستان، ئەم هێرشە دوژمنکارانەیە سەرکۆنە دەکەین. وەک گەلی کورد، گەلی کوردستان، لە تورکیا و هەموو کوردستان دژی ئەم هێرشانە دەوەستین. تا سەرکەوتن بەردەوام دەبین لە بەرخودان. ئەمڕۆ گەنجان و دایکان بەرگریی دەکەن. ئەمە نیشانەی سەرکەوتنە. ماوەی 3 رۆژە بە تانک و تۆپ هێرش دەکرێتە سەر کورد و گەڕەکە کوردییەکان، بەڵام تورکیا و جیهان بێدەنگن." 
 
بایندیر هەروەها وتی، "باش دەزانین ئەم هێرشانە پلان بۆ داڕێژراون، بنەمایان هەیە، رابردوویان هەیە، ئامادەکارییان بۆ کراوە. ئەوانەی لەنێوان ساڵانی 2013-2015 پشتیوانیی داعشیان کرد، ئەمڕۆ دەیانەوێت پشتیوانیی چەتەکانی دەستەی تەحریر شام بکەن. گەلی کوردستان چۆن لە رۆژئاوا داعشی تێکشکاند، دەستەی تەحریر شامیش تێکدەشکێنێت. ئەو رۆژەی ئەم هێرشانە دەستیانپێکرد، لە پاریس رێککەوتنێک لەنێوان سووریا و ئیسرائیلدا کرا، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هیچ شتێکی لەبارەی ئەم رێککەوتنەوە نەگوت."
 
راشیگەیاند، ماوەی 3 رۆژە بە تانک و تۆپ کۆمەڵکوژی دژی کورد دەکرێت. تورکیا بە دەستەی تەحریر شامی وت، 'ئامادەین بۆ یارمەتی.' ئێوە بە پەیامەکەتان دوژمنایەتیی خۆتان بۆ کورد دەرخست. دەتانەوێت کۆتایی بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بهێنن. وەک چۆن پێشتر بەهۆی داعشەوە تێکتاندا، دیسان دەتانەوێت دەستەی تەحریر شام بکەنە بیانوو و تێکی بدەن. ئێمە نیازتان باش دەزانین و باش لێی تێدەگەین. دژی نیازە خراپەکەتان بەرگری دەکەین. 
 
کەسکین بایندیر، قسەکانی بەمشێوەیە کۆتایی پێهێنا، "با لەسەر پێ بین، با وریا بین. تاوەکو هێرشەکان کۆتاییان دێت و گرووپە چەتەکان دەکشێنەوە، لە شەقامەکان خەبات دەکەین. با ئەمڕۆ دەستپێک بێت، با گەلی رۆژئاوا و گەلانی ستەملێکراو باش بزانن؛ گەلی باکووری کوردستان، گەلانی تورکیا و گەلانی جیهان پشتیوانتانن." 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە