سوپای سووریا: هێرشی چڕ و ورد بۆسەر بارەگاکانی هەسەدە دەستپێدەکەین
2026-01-08
239 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بڵاویکردەوە، لە کاتژمێر دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت. داواش لە خەڵک دەکات لە بنکە و بارەگاکانی هەسەدە دووربکەونەوە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، " لە کاتژمێر 01:30ی دوا نیوەڕۆوە تا کاتێکی نادیار لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و بەنی زەید قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت."
ئەو دەستەیە داوا لە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات، "لە سەرجەم بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی هەسەدە دووربکەونەوە." هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، "سوپای سووریا لە کاژێر 01:30ی پاشنیوەڕۆوە، دەست بە ئەنجامدانی هێرشی چڕ و ورد بۆسەر بارەگاکانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە، شێخ مەقسوود و بەنی زەید دەکات."
سیامەند عەلی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە لە ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "لە حەلەب گرووپەکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق باڵەخانەی خزمەتگوزاری سڤیل دەکەنە بنکەی سەربازی و تانکی تێدا جێگیر دەکەن، لەوێشەوە بە تۆپ و چەکی قورس گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە تۆپباران دەکەن."
بەرپرسەکەی یەپەگە دەشڵێت، "بە سەربازگەکردنی باڵەخانەی خزمەتگوزاری سڤیل پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و بە مەبەست بەکارهێنانی هاووڵاتییانی سڤیل و ژێرخانەکەیانە وەکو قەڵخانی مرۆیی کە تاوانێکە ناتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە یان رەتبکرێتەوە."
لە رۆژی سێشەممەوە هێرشەکانی سوپای سووریا بە تانک و تۆپ بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە دەستیپێکردووە و بەگوێرەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، هێرشەکان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن.
|