مەسعود بارزانی: ناکرێ ناکۆکیی سیاسی ببێتە هۆی پاکتاوی رەگەزی

2026-01-07  217 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی شاری حەلەب و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی هاونیشتمانییانی کورد دەربڕی و رایگەیاند: "هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لە دژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە".
 
مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا هۆشداری دا کە ئەو شەڕ و توندوتیژییەی لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەگوزەرێت، هەڕەشەی جیددیی "پاکتاوی رەگەزی" لە دژی گەلی کورد لەو ناوچەیە دروست کردووە.
 
دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
گۆڕانكارییە سیاسیەكانی سووریا دەرفەتێكی باش بوو بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی رەچاوی مافە رەواكانی گەلی كورد لە سووریا بكرێت و سەرجەم كێشەكانیش چارەسەر بكرێن. لەو پێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی زۆرمان دا كە پێویستە هەرچی گرفت و ناكۆكی هەیە لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن.
 
بەڵام ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژیەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتیانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لەدژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە.
 
داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن رێگە نەدرێ هاووڵاتیانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی رەگەزی ببنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە كوردییەكان و بە تایبەت (هەسەدە) دەكەم ئەوەی لە توانایاندا بێت بیكەن لەپێناو راگرتنی شەڕ و پێكدادان و رێگەگرتن لە خوێنڕشتنی زیاتر و هەردوولا كار بۆ گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ناكرێ بوونی ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵكی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسی و پاكتاوی رەگەزی لە دژی گەلی كورد رووبدات و ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتیە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە.
 
مەسعود بارزانی
7ی کانوونی دووەمی 2026


   ئەمانەش بخوێنەرەوە