دادگای فیدراڵیی دەسەڵاتێکی سودانی رادەگرێت

2   کاتژمێر پێش ئێستا  176 جار خوێنراوەتەوە

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سزادانی فەرمانبەر یان پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە رادەگرێت بۆ ئەو فەرمانبەرانەی راستەوخۆ سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران نین و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ئەو هەنگاوانە لەدژی هەر فەرمانبەرێک لە رێگەی داواکردن بێت لە وەزیر یان سەرۆکی ئەو دەستە و دامەزراوانەی ئەو فەرمانبەرە کاری تێدا دەکات.
 
ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی لە شرۆڤەیەکدا بووە کە 24ی کانوونی یەکەمی 2025 لەسەر بنەمای داوایەکی خالید بەتاڵ، وەزیری پیشەسازی کردوویەتی و رۆژی 29ی کانوونی یەکەم دەقی شرۆڤەکەی بڵاوکردووەتەوە.
 
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە شرۆڤەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی ئەوەی نییە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە دروست بکات یان سزای فەرمانبەرانی وەزارەت و ئەو دەستە و دامەزراوانە بدات کە لە رووی کارگێڕییەوە راستەوخۆ سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق نین.
 
ئەو شرۆڤەیە پشتی بەستووە بە بڕگەی 2 لە مادەی 14ی یاسای رێکاری فەرمانبەرانی دەوڵەت کە تێیدا مافى بە فەرمانبەرى سزادراو داوە تانە بدات لە سزاکەى بۆ هەڵوەشاندنەوەى.
 
دادگای باڵای فیدراڵی ئاماژەی بەوە داوە، سەرۆکوەزیران بۆی هەیە رۆڵی خۆی لە گرتنەبەری رێکار لە دژی فەرمانبەران بەرجەستە بکات، بەڵام ئەوە دەبێت لە رێگەی راسپاردنی وەزیری پەیوەندیدار یان سەرۆکی دەستە و دامەزراوەکان بێت بۆ ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر فەرمانبەرێک دروست بکەن کە تۆمەتى کەمتەرخەمی ئاراستە کراوە و دەشتوانێت چاودێری ئەوە بکات کە رێوشوێنەکان بە باشی بەڕێوەبچن و گەرەنتی جێبەجێکردنی یاسا بکرێت، بەبێ ئەوەی جێگەی سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان بە شێوەی راستەوخۆ بگرێتەوە بۆ سەپاندنی سزای رێکارییەکان لە دژی فەرمانبەر.
 
ئەو دادگایە رایگەیاندووە، بەگوێرەی دەستوور، سەرۆکوەزیران وەک لایەنی جێبەجێکار مافی ئەوەی هەیە سەرپەرشتی و بەدواداچوون بکات و ئەوەی پێویست بێت بیگرێتەبەر بۆ گەرەنتیی بەڕێوەچوونی باشی دامەزراوە گشتییەکان، بەبێ ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت و سزای فەرمانبەرانی دەرەوەی پێکهاتە کارگێڕییەکانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بدات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە