بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تاوانبارێكی ئەنفالی بارزانیەكان دەرچوو
2 کاتژمێر پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، پەیوەست بە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەبارەی دادگایی کردنی دوو تۆمەتبار لەسەر بەشداریان لە کەیسی جینۆسایدی بارزانییەکان وتی، لە دانیشتنی دادگا بەشدار بووین، دادگا بڕیاری لە سیدارەدانی بۆ تاونبار (شاکر گه یحیی الدوری) دەرکرد بە تاوانی بەشداری لە جینۆساید و کۆمەڵکوژی بارزانییەکان.
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران و ئامادەبووی دانیشتنەکەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتی، ”ئەمڕۆ یەک شەممە 28/12/2025 لە دادگایی باڵای تاوانەکانی عێراق لە شاری بەغدا بەشداربووین لە دادگایی کردنی دوو تۆمەتبار بە پلەی لیوا بە ناوەکانی (شاکر تەها یحیی غفور الدوری و سعدون صبری جمیل القیسی) کە دەستیان هەبووە لە جینۆساید کردنی بارزانییەکان.
وتیشی، ”ئێمە وەک شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێکهاتبووین لە (زێرەڤان مەجید، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی وەزارەت و پارێزەری دۆسیەکە ئەیاد کاکەیی لەگەڵ 7 کەسوکاری جینۆسایدکراوان لە دانیشتنی دادگا بەشدار بووین)”.
ئاشكراشی كرد، دادگا بڕیاری لە سیدارەدانی بۆ تاونبار (شاکر گه یحیی الدوری) دەرکرد بە تاوانی بەشداری لە جینۆساید و کۆمەڵکوژی بارزانییەکان.
ساڵی 1983 لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێراندا، هەشت هەزار پیاوی بارزانی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە جینۆساید کران، بەشێكیان لە ئۆردوگا زۆرەملێكانی قوشتەپە و بەحركەی هەولێر دەستگیر كران و لە بیابانەكانی عەرعەردا زیندەبەچاڵ كران، لە مانگی 5ی 2011 لە دادگای باڵای تاوانی عێراق بە جینۆساید و تاوانی دژە مرۆڤایەتی ناسێنرا.
|