ئیدارەی خۆسەر لەسەر هێرشكردنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی هاتەدەنگ
2 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
ئیدارەی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) ڕایدەگەیەنێت، سەركۆنەی زیادەڕۆیكردن لە بەكارهێنانی هێز دەكەین دژی هاووڵاتیانی مەدەنی، كە داوای مافی رەوای خۆیان دەكەن و دەشڵێت: حكومەتی كاتیی دیمەشق بەرپرسیارە لە گوتاری دنەدان و بڵاوكردنەوەی رق و كینە لەنێوان سورییەكان”.
ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا سەركۆنەی زیادەڕۆیكردن لە بەکارهێنانی هێز دەكات لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی حکومەتی کاتی سووریا لە دژی خۆپیشاندەران، کە داوای مافە رەواکانیان دەکەن.
ئیدارەی خۆسەری باکوورو رۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەكدا جەختی كردووە: ئەمە یەکەمجار نییە ناوچەکانی سووریا روبەڕوی هێرش و پێشێلکاری لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی ببنەوە، دوێنێ شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب و پێشتریش باشوری سووریا و ناوچەکانی دیکە روبەڕوی هەمان رەفتار بوونەوە، كە ئەوەش پێویستی بە هەڵوێستێكی نیشتیمانی جدییە بۆ کۆتاییهێنان بەو سیاسەتە مەترسیدارانەو لێپرسینەوە لە بەرپرسان.
ئیدارەی خۆسەر نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بەم هەڵکشانە مەترسیدارە دەربڕیووە و حکومەتی کاتی بە بەرپرسیار زانی لەو کارانە، کە تەنها خزمەت بە قوڵکردنەوەی دۆخی ئاژاوەگێڕی و رێگریکردن لە گەلی سووریا دەكات داوای مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان بكەن، هەمان ئەو سیاسەتە سەرکوتكارییە بەرهەم دەهێنێتەوە کە سووریاییەکان لە دژی راپەڕین.
راشیگەیاندووە: ئەم هەڵسوكەوتانە بەربەستێکی راستەقینە لە بەردەم هەر دیالۆگێک یان کۆدەنگییەکی هەمەلایەنەی نیشتمانی دروست دەكەن و چانسی بونیادنانی سووریایەکی نوێ و دیموکراسی و نا ناوەندی دوای زیاتر لە نیو سەدە لە نادادپەروەری و ستەمکاری لەبار دەبات.
ئیدارەی خۆسەر داواشی لە هەموو سورییەکان و هەموو هێزە نیشتمانییەکان کردووە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە و پێکەوە کاربکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی هەمەلایەنە لەسەر بنەمای دیالۆگ و دانپێدانانی یەکتر، دوور لە گوتاری رق و کینە و هاندان، كە خراپەکاران هەوڵی وروژاندنی دەدەن لەپێناو تێکدانی ئاشتی مەدەنی و پەرتكردنی تەونی نیشتمانی سووریا”.
|