لە لافاوەکەی چەمچەماڵ 500 ماڵ و 100 دووکان زیانیان بەرکەوتووە

4   کاتژمێر پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، ئاماری زیانی لافاوە سنوورەکەی راگەیاند و پشتڕاستی کردەوە کە 2 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی بریندارەکانیش 12 کەسە و زیاتر لە 500 ماڵ و 100 دووکان زەرەرمەند بوون. 
 
قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند: "بەداخەوە، بەهۆی کەشوهەوا و بارانی زۆرەوە، ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ تووشی رووداوی ناخۆش بووین، چ لە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی (عومەر سەعید و بۆکان بەشارەت)، چ لە برینداربوونی 12 هاووڵاتی."
 
قایمقامی چەمچەماڵ قەبارەی زیانە مادییەکانی بە "زۆر" ناوبرد و وتی، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 500 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە 100 دووکان زەرەرمەند بوون، هەروەها 5 فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچووە، لەوانە تاپۆ، نووسینگەی پاسپۆرت، بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری، بەشێک لە پۆلیس و بینای قایمقامیەت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی ئاو لە هەندێک شوێندا گەیشتە دوو مەتر.
 
جەختی کردەوە کە خۆشبەختانە دۆسیە و بەڵگەنامە هەستیارەکان لە فەرمانگەکاندا پارێزراون.
 
رەمک رەمەزان راگرتنی دەوامی لە سنوورەکەدا راگەیاند و وتی: "ئەمڕۆمان کردووەتە پشوو لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، چ خوێندنی باڵا، بە زانکۆ و پەیمانگاکانەوە، چ پەروەردە. هەروەها لە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دیکەش پشووە."
 
روونیکردەوە، ئەم بڕیارە تەنیا ئەو فەرمانگانە ناگرێتەوە کە "ئەمڕۆ راسپێردراون بەیانی بێنەوە دەوام بۆ ئەوەی شارەکە پاک بکەینەوە" و لیژنەکانی خەمڵاندنی زیانەکان کارەکانیان بکەن.
 
سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە، قایمقام وتی، "بارانێکی بەخوڕ و بە لێزمە لە کاتێکی کەمدا باری،" لەگەڵ پێکهاتەی جوگرافیی چەمچەماڵ لەژێر بانی مەقان و ئەو قوڕ و لیتەیەی لەگەڵ ئاوەکەدا هاتبوو، هۆکاری سەرەکی بوون. قایمقامی چەمچەماڵ دەنگۆی تەقینی بەنداوی رەتکردەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە