ریال مەدرید و ڤینیسیۆس نزیکن لە رێکەوتن

2   کاتژمێر پێش ئێستا  18 جار خوێنراوەتەوە

کارگێڕیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، نزیکە لە کۆتایی هێنان بە مشتومڕی پەیوست بە ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەکە.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس' ئاشکرایکردووە، کارگێڕیی یانەکە و یاریزانەکە نزیکن لە رێکەوتن و لێکتێگەیشتنی تەواو لە نێوانیاندا هەیە و کەشی گەشبینانە باڵی بەسەر دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا کێشاوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ڤینیسیۆس دڵخۆشە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و ویستی درێژکردنەوەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ یانەکە هەیە کە تاوەکو 30ی مانگی حەوتی ساڵی 2027 واژۆی کردووە.
 
ریال مەدرید دەیەوێت ڤینی لە یانەکە بمێنێتەوە و ئەو یاریزانەش هەمان ویستی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە یانەکە.
 
بەپێی هەمان رۆژنامە، لەماوەی رابردوودا دانوستاندن لەسەر ئەو بابەتە کراوە لەنێوان هەردوولادا و ئێستا گەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی نزیکە.
 
 کارگێڕیی ریال مەدرید وەک بەشێک لە کولتووری بەبەهای یانەکە تەماشای ڤینی دەکات، بەڵام دووپاتیدەکاتەوە کە یانەکە لەسەروو هەموو شتێکەوەیە و ڤینیش هەمان بارودۆخی قبووڵە.
 
رۆژنامەکە هاوکات دەڵێ، ماوەیەکی زۆربوو مشتومڕ لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ڤینی لەئارادابوو، ریال مەدرید سووربوو لەسەر چەسپاندنی بنەمای رێزگرتنی بەهاکانی یانەکە بۆ هەموو یاریزانان و ئێستا دۆخەکە ئارامبووەتەوە.
 
هەمان رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، "ئەو کەشەی لە کلاسیکۆدا روویدا، لە کۆبوونەوەکاندا قسەیان لەسەر نەکرا. راستە ئەوەی لە یارییەکەدا روویدا دڵەڕاوکەی لای هاندەران دروستکرد، بەڵام ئەلۆنسۆ و ڤینی هەڵوێستەکانی نێوانیان روونکردووەتەوە و ئەوەش گەیشتن بە رێکەوتنی نێوان هەردوولای ئاسان کرد".
 
هەمان ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، ڤینی لەوە تێگەیشتووە کە ئەو شوێنی تایبەتی لە ریال مەدرید هەیە و نابێ ئەوە دووبارە بکاتەوە کەلە یاریی کلاسیکۆدا روویدا.
 
وەک رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، ڤینیسیۆس هیچ مەرجێکی وەرزشیی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دانەناوە، لە کاتێکدا هەردوولا هاوڕان لەسەر گۆڕانکاریی لە مووچەی یاریزانەکە بۆ گرێبەستە نوێیەکەی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە