پانێڵی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت

6   کاتژمێر پێش ئێستا  110 جار خوێنراوەتەوە

توێژەرو ڕۆژنامەنووس، ئاسۆ عەبدوللەتیف، وەک بەڕێوەبەری پانێڵی مادە هۆشبەرەکان و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی وەک دیاردەو دەرکەوتی مەترسیداری جەستەیی و دەرونی و کارتێکەرە هۆشی و عەقڵیەکان، لە دوەم ڕۆژی کۆنفڕانسی لوتکەی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە، بەئامادەبوونی بەڕێز پارێزگاری هەڵەبجەو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجەو بۆردی لوتکەی تەندروستی و بەڕێوەبەران و نوێنەرانی دام و دەزگاو خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەو میدیاکاران. 

گرنگترین پرس و ڕەهەندی یاسایی و پەروەردەیی و دەرونی و ئەمنی و راسپاردەو میکانیزمی بەرەنگاری مادە هۆشبەرەکانی خستە ناو گفتوگۆیەکی گەرمی زانستی پسپۆڕان و توێژەران و ئامادەبوانی کۆنفرانسەکەوە.

ئاسۆ عەبدوللەتیف ئاماژەی بەوەکرد ؛ نزیکەی ٢٣٠٠ ساڵ پێش ئێستا، فەیلەسوفی کۆنی یۆنانی ئیپیکوروس ئاگاداری قوتابیەکانی کردەوە کە ڕەنگە هەوڵی لە ڕادەبەدەر بۆ بەدەستهێنانی خۆشبەختی، لەباتی ئەوەی دڵخۆشیان بکات بێتەهۆی خەمباربوونیان، ڕێک ئەوەی کە ئێستا مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان دوچاری بوونەتەوە. دووسەدە پێش ئەوە، بودا ئەوەی بەقوتابیەکانی وت هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هەستە شادیهێنەکان بنەمای ڕاستەقینەی ئازارە، کتێبی هۆمۆدیۆس،یوڤاڵ نوح هەراری.

ئاسۆ عەبدوللەتیف وەک بەڕێوەبەری پانێڵەکەو ڕێکخستنی دیدارەکە ووتی ؛ 

جیهان لە جەنگێکی مەترسیداردا دەژی بۆ زاڵبوون بەسەر خەمۆکی و پەستان و گەشتن بە چێژی کاتی لەڕێگەی مادە هۆشبەرەکان، بۆ ئەمڕۆی لوتکەکەش گرنگ بوو بەرپرسان و وەزیری تەندروستی و جێگرەکەی و بەشێک لە بەرپرسانی تایبەتمەندو لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرو کارتێکەرە عەقڵیەکان لێرە ئامادەبوونایە بۆگفتووگۆو باسکردن لەهەمواری بەشێک لەبڕگەو مادەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠.

پاشان ئاماژەی بەدیدی یۆڤاڵ نوح هەراری کرد لەم پرسەدا، کە دوانزە لەسەدی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق و حەڤدە لەسەدی سەربازانی ئەمریکی، یان حەبی خەو بەکاردەهێنن یان دژە خەمۆکی تا تابتوانن چارەسەری هەموو ئەو پەستان و دڵەڕاوکێیانە بکەن کە دوچاری بوون.هەوڵدان بۆ خۆشبەختی لە ڕێگای مەوادی بایۆکیمیاییەوە یەکەمین هۆکاری تاوانە لە جیهاندا، نیوەی بەندیەکان لە بەندیخانە فیدڕاڵیەکانی ئەمریکادا لەساڵی ٢٠٠٩ تا ئێستا بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە بەندکراون، ٣٨ لەسەدی بەندیە ئیتاڵیەکان تاوانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەریان کردوە، ٥٥ لەسەدی بەندیەکان لە بەریتانیا باسیان لەوەکردبوو کە تاوانی بازرگانیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردبوو. ٦٢ لەسەدی تاوانباران لە ئوسترالیا لەژێر کاریگەریەکانی ماددەی هۆشبەردا بوون.

 بۆیە حەشیش دەکێشێت تا هەست بە ئارامی بکات، کۆکاین و مەریوانا و مێتاڤیتامین و هیرۆین و جامایکاو تریاک و کیتامین و گراس و شادانە و کریستاڵ و حەبی بیتوو تراماو میتادۆن و کاپتاگۆن ودیازپام بەکاردەهێنێت تابیری تیژبێت و باوەڕبەخۆی پەیدا بکات کە بەخەیاڵ دەتبات بۆ ئاسمان بۆ ئاهەنگی مرواریەکان.

پانێڵیستەکانی مادەی هۆشبەر لەلوتکەی تەندروستی ئەمرۆی پارێزگای هەڵەبجە بریتی بوون لە:

حاکم بیشوان، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی و وانەبێژ لەزانکۆی ئەمریکی، باسی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرو ڕێکارە دادوەریەکان وداتای گرنگ کردو چەندین ڕێکارو یاساو کەیسی هەستیاری خستەبەرباس و بەوردی شیکاری بۆ حاڵەت و دیاردەکان و ڕێگریەکان کرد لەم بارەیەوە.

دکتۆر بەرزان محەمەد عەلی دارتاش، بەڕێوەبەری پەیمانگای پزیشکی دادوەری سلێمانی و پزیشکی پسپۆڕی ڕاوێژکاری دادوەری یەکێکیتر بوو لە پانێڵیستەکان و حاڵەتەکانی شیکردەوە بۆ ئامادەبوان لەڕووی دادی پزیشکی و کەیس و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەکەو جۆرەکانی مادەو حاڵەتەکانی دەستنیشانکرد.

عەقیدی مافپەروەر كارزان شێرکۆ صادق، ماستەر لە ياساى تاوانكاریی وتەبێژی دەزگاى ئاسايشی هەرێمی کوردستان، داتاو زانیاریەکانی وەک خۆی باسکرد وەک دیاردە نەک حاڵەت و بەوردی و دیقەتەوە ئاماژەی بەحاڵەتەکان و داتاکان و بڕو جۆری مادەکانی هۆشبەرکردو خۆشبەختانە ڕایگەیاند بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لەهەرێمی کوردستان کەمی کردوەو گرنگی کردنەوەی سەنتەرێکی شیاندنەوەی بۆ ئالودەبوان پێشنیارکرد لەناو پارێزگای هەڵەبجە.

دکتۆر زامدار حەمە ڕەسوڵ، وەک ماموستاى زانكۆی سلێمانى، پزيشكى پسپۆڕی دەرونى، لێپرسراوى لقى سلێمانى كۆمەڵەى پزيشكى دەرونى كوردستان زۆر بەوردی و جوانی تیشکی خستە سەر هۆکارو دەرەنجام و چارەسەریەکانی کەسانی ئالودەبووی مادەکان لەڕەهەندی پزیشکی دەرونیەوە وەک پسپۆڕی چارەسەرکاری دەرونی و قاڵبووی ناو کەیس و حاڵەتەکان.

توانا ئەمین، ماستەر لە کلینیکەڵ سایکۆڵۆژی، ڕاهێندراوی دامەزراوەی حەمەدی پزیشکی لە وڵاتی قەتەڕ، باوەڕپێکراو لە پەیمانگای BECK بۆ چارەسەری ئاڵوودەبوون و وەک بەڕێوبەری پڕۆژەی هەڵمەتی نیشتیمانی ڕووبەڕوبونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی. چارەسەرکاری دەروونی خۆی خستە ڕوو، لەگەڵ پێشکەشکردنی باسێکی تێروتەسەل و ئەزموونکاری خۆی لەبارەی قەبارەو جۆری مادەکان و گرنگی سەنتەرێکی شیانەوەی زانستی لەپارێزگای هەڵەبجە، تەواوی وزەی پەیمانگاکەشی بۆ ساڵی نوێ خستە خزمەتی هەڵەبجەو پرۆژەی هەڵەبجە ١٩ لەلایەن لوتکەی تەندروستیەوە.

دواجار مامۆستا محەمەد خانی، وەک پەروەرشیارو شارەزای دەرونشیکاریی ئاینی و پەروەردەیی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی پەیامی نووری کرماشان و زانکۆی سلێمانی و خاوەن ماستەرو دکتۆرا لە دەروونناسی پەروەردە، بەجوانی و پەروەردەیی و هاوسەنگ تیشکی خستە سەربرینەکەو ڕێگریەکان و بەرەنگاریە پێویستەکان، ماڵێکی ئارام و فێنک و بێگرفتی وەک پێشنیارێکی پەروردەیی دروست بۆ خێزانەکان خستەڕوو لەگەڵ گرنگی پەروەردەیەکی ئەخلاقی و ئاینی بۆ کۆمەڵگاو دووربوون لەهەر مادەیەکی هۆشبەر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە