"ئەگەر هەیە ساڵی داهاتوو کشتوکاڵ لە عێراق 30٪ کەمببێتەوە"
2 کاتژمێر پێش ئێستا
187 جار خوێنراوەتەوە
نوێنەری رێکخراوی فاو لە عێراق دەڵێت، بەهۆی وشکەساڵییەوە بڕی ئاوی بەردەست لە 60 ملیار مەتر سێجاوە بۆ 5 ملیار کەمبووەتەوە، بەڵام هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراکی عێراق نییە.
د. سەڵاح حاج، نوێنەری رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) لە عێراق رایگەیاند، عێراق "لە پلەی پێنجەمی کاریگەرترین وڵاتاندایە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە".
وتیشی، "رێکارەکانی پێشووی حکومەتی عێراق بۆ هاندانی سیستمەکانی ئاودێریی نوێ و کەمکردنەوەی رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان کە پشت بە ئاوی رووبارەکان دەبەستن و قەرەبووکردنەوەیان بە رووبەری گەورەتر، کە پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی، بەتایبەتی بەرهەمە ستراتیژییەکان".
ئەو نوێنەرەی فاو دەشڵێت، لە رووی ئاسایشی خۆراکەوە سەیری بکەین، "عێراق بۆ ماوەی 15 مانگی داهاتوو گەنمی پێویستی لەبەردەستدایە".
نوێنەری فاو لە عێراق وتی، "جگە لەوەش عێراق سیستەمی سەبەتەی خۆراکی هەیە، کە یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە تا رادەیەکی زۆر کاریگەریی هەر کەمی یان کێشەیەکی لەو شێوەیە کەم دەکاتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "تاکە کێشەی سەرەکی و گرنگ پەیوەندی بە سەرچاوەی داهاتی جووتیارانەوە هەیە؛ ئەوانەی پشتیان بەو بەرهەمانە دەبەست کە قەدەخە کراون، وەک برنج و سەوزە لە هەندێک ناوچە، کە تێیدا حکومەتی عێراق چەند رێکارێکی گرتبووەبەر [بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی وشکەساڵی]".
ئەو پێیوایە، سەرەڕای ئەوەش، "ئەمە نابێتە پاساو بۆ ئەوەی بەدواداچوونی ستراتیژی بۆ کێشەی کەمیی ئاو لە عێراقدا نەکرێت".
قسەکانی ئەو نوێنەرە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی "ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح".
ئەو نوێنەرە دەڵێت، ئەو پلانە ستراتیژییەی حکومەتی عێراق بۆ ئەم بابەتە دایناوە، پێویستی بە بەدواداچوون و تەرخانکردنی بودجەی پێویست هەیە، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان، بەڵام ئەم کێشەیە تەنیا لە عێراق نییە، بەڵکو کێشەی بارانبارین و ئاو و کەمیی ئاو کێشەیەکە لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکە هەیە.
وتیشی، لە رووی وشکەساڵییەوە، "ئەم ساڵ سەختترین ساڵ بووە بەراورد بە چەندین ساڵی رابردوو". د. حاج دەڵێت، " ئەگەر لە رابردوودا بڕی ئاوی بەردەست نزیکەی 60 ملیار مەتر سێجا بووبێت، ئێستا کەمترە لە 5 ملیار مەتر سێجا. بۆیە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کشتوکاڵ و بەکارهێنانی ئاو بە گشتی هەبووە".
د. سەڵاح حاج پێشبینیشی کرد، ئەگەر دۆخی کەشوهەوا وەک ئێستا بمێنێتەوە، ساڵی داهاتوو بەرهەمی کشتوکاڵی بە رێژەی 30٪ کەمدەبێتەوە. ئەم کاریگەرییەش تەنیا لەسەر بەرهەمە ئاودێرییەکان نابێت و رەهەندی دیکەی دەبێت.
نوێنەری فاو لە عێراق راشیگەیاند، "عێراق نزیکەی 12.5 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەبوو کە پشتی بە ئاودێری دەبەست لەکۆی 13 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی، بەڵام کەمبوونەوەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان، جگە لەوەش رووبەرێکی زۆر گەورە بوونەتە زەویی بێبەرهەم".
جگە لە کاریگەریی وشکەساڵی لەسەر داهاتی ئەو خێزانانەی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن، د. سەڵاح دەڵێت، " کێشەیەکی دیکەش هەیە کە دەبێت ئاماژەی پێبکرێت، ئەویش کەمبوونەوەی بارانبارین و کەمبوونەوەی ئاوی هاتووی عێراق، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و بەمەش کاریگەریی بۆ ساڵانی داهاتوو دەبێت".
نوێنەری فاو لە عێراق تیشکی خستە سەر هەرێمی کوردستانیش و گوتی، "دەبێت پێداچوونەوە بە شێوازی بەکارهێنانی بڕی ئاو بکرێت".
د. حاج دەڵێت، "چەند دەستوەردانێک لەلایەن رێکخراوەکەوە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستاندا هەبوون، سەبارەت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هەستەوەریی دوور مەودا بۆ دیاریکردنی بڕی ئاو بە شێوەیەکی زانستی".
وتیشی، "جگە لەوەش چەندین بەرنامەی فراوان بۆ جووتیاران هەن، سەبارەت بەو شێوازە کشتوکاڵییە زیرەکانەی گونجاون لەگەڵ کەشوهەوادا، کە دەتوانن بەفیڕۆدانی ئاو کەم بکەنەوە و بەرهەمهێنان زیاتر بکەن".
نوێنەرەکەی فاو ئاشکرایدەکات، چەندین بەرنامەی پراکتیکی هەبوون کە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کران و حکومەت لەگەڵ کەرتی تایبەت و رێکخراوی فاو تێیدا بەشدار بوون. ئەمە یەکەم مۆدێل بوو لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئەمەش پشت بە زانیارییەکانی هەستەوەریی دوور دەبەست بۆ جێبەجێکردنی ئاودێری و ژمارەیەکی زۆری جووتیاران ئەم تەکنەلۆژیایەیان بەکارهێنا "لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، بەڕێوەبردن و پاشەکەوتکردنی ئاو نزیکەی 25-30% زیادیکرد".
پێشتر لە خراپترین دۆخەکاندا، عێراق زیاتر لە 23 ملیار مەتر سێجا ئاوی گلدەدایەوە، بەڵام ئێستا، ئەو رێژەیە بە شێوەیەکی دراماتیکی دابەزیوە بۆ تەنیا نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجا، کاریگەری و مەترسییەکانی ئەم دابەزینە "گەورەیە" بەڕوونی لەسەر ژیان و کەرتی کشتوکاڵی عێراق دەرکەوتووە.
|