مه‌زڵوم عه‌بدی: پابەندبونمان به یەکگرتنی هه‌سه‌ده له‌گه‌ڵ سوریا دوپاتده‌كه‌ینه‌وه
2 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) ڕایگه‌یاند، په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئه‌نجامداوه و باسیان له كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ و ئه‌حمه‌د شه‌رع كردوه و "پابەندبونمان بە خێراترکردنی یەکگرتنی هێزەکانی هه‌سه‌ده لەگەڵ دەوڵەتی سوریا دوپاتكرده‌وه".
مه‌زڵوم عه‌بدی له په‌یامێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X" نوسیویه‌تی، "سوپاس بۆ سەرۆک تره‌مپ، بۆ سەرکردایەتیکردنی لەسەر سوریا و بۆ پێدانی دەرفەت بە گەلی سوریا بۆ گەورەیی، تازە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نایابم لەگەڵ باڵیۆز تۆماس باراک، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك تره‌مپ ئه‌نجامدا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، له په‌یوه‌ندیه ته‌له‌فۆنیه‌كه‌دا باس له دەرئەنجامەکانی کۆبونەوەکەی سه‌رۆك تره‌مپ و ئه‌حمه‌د شه‌رع له كۆشكی سپی كراوه و "پابەندبونمان بە خێراترکردنی یەکگرتنی هێزەکانی هه‌سه‌ده لەگەڵ دەوڵەتی سوریا دوپاتكرده‌وه".
مه‌زڵوم عه‌بدی نوسیویه‌تی، "پەیوەستبونی سوریا بە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو بەرزکردنەوەی هەوڵە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی دەستپێشخەرییەکانی ئامانجی بەدەستهێنانی شکستی بەردەوامی داعش و نەهێشتنی مەترسییەکانی لەسەر ناوچەکە".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمە بە پەرۆشەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان بە هەماهەنگییەکی نزیکەوە کاردەکەین بۆ پێشخستنی پێشکەوتن بەرەو داهاتویەکی خۆشگوزەرانتر و ئەمنتر بۆ گەلەکەمان لە سوریایەکی یەکگرتودا".
له‌وه‌ته‌ی حكومه‌تی نوێی سوریا به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د شه‌رع دامه‌زراوه پرسی یه‌كگرتنی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده له‌گه‌ڵ سوپای سوریا باسده‌كرێت، به‌ڵام هه‌سه‌ده مه‌رجی هه‌یه و داوای گه‌ره‌نتی ده‌كات.
له‌ماوه‌ی ڕابردودا چه‌ندجارێك شاندی رۆژاڤای كوردستان و حكومه‌تی سوریا كۆبونه‌ته‌وه و پرسی یه‌كخستنی هێزه‌كانیان تاوتوێ كردوه، به‌ڵام به‌پێی وته‌ی به‌رپرسانی هه‌ردولا هێشتا نه‌گه‌یشتونه‌ته لێكتێگه‌یشتن.
|