کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رادەگەیێنێت

3   کاتژمێر پێش ئێستا  29 جار خوێنراوەتەوە

ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رایدەگەیێنێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیێنێت.
 
عەباس فەتلاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، رایگەیاند، بەگوێرەی یاسا، دوای 24 کاژێر لە دەنگدانی گشتی و داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رادەگەیێندرێت.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران باسی دەنگی پووچەڵی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئاماری دەنگی پووچەڵ تاوەکو ئێستا بە تەواوی روون نەبووەتەوە، دوای گەیشتنی دەنگی هەموو وێستگەکان و هاوتاکردنیان، دەردەکەوێت.

فەتلاوی وتیشی، "سکاڵا زۆر کەمن بەراورد بە پرۆسەی هەڵبژاردن. رێژەی بەشداری هەڵبژاردن کە بڵاوکراوەتەوە راست و دروستە، لەسەر بنەمای ئەو ئامارە ئەلیکترۆنییانە بووە، کە ئامێرەکان دەریان کردوون."
 
هەر ئەمڕۆ جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "39 سکاڵا لە دەنگدانی گشتی و تایبەت تۆمار کراون."
 
رۆژی سێشەممە دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئاماری کۆمیسیۆن لە کۆی زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر، 12 ملیۆن و 3 هەزار و 143 دەنگدەر دەنگیان داوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە