فائیق زێدان: دیاریكردنی 11ی 11 بۆ هەڵبژاردن نادەستووریە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
193 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هێڵە کاتییە دەستورییەکان بۆ پێکهێنانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت لە عێراق ڕوندهكاتهوه و ده‌ڵێت، به‌گوێره‌ی ده‌ستور ده‌بێت 45 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستا هه‌ڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، له‌كاتێكدا خولی ئێستا لە 9ی 1ی 2022 دەستیپێکردوە، بۆ ماوەی چوار ساڵی ڕۆژمێری بەردەوام دەبێت بۆیه دیاریكردنی 11ی 11ی 2025، وەک بەرواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی، پێشێلکارییەکی ڕونه و لەسەر بنەمای هیچ دەستوری و یاسایی نییە دیارینه‌كراوه.
فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق له نوسینێكدا باسی لهوهكردوه، "گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە هەر چوار ساڵ جارێک، بەپێی ئەو میکانیزمانەی لە دەستوردا هاتووە، بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکان بۆ عێراق لە ساڵی 2003ەوە دادەنرێت، په‌رله‌مانی عێراق کە یاساكان ده‌رده‌كات به (دایك) دادەنرێت کە حکومەت، نوێنەرایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لێیەوە پێکدێت، ئەندامانی په‌رله‌مان بە دەنگدانی نهێنی ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، بەپێی مادەی 49ی دەستور".
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، لە مادەی 56ی دەستوردا هاتوە، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ دەبێت لە 45 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بە سەرنجدان بەوەی کە خولی ئێستا لە 9ی 1ی 2022 دەستیپێکردوە، بۆ ماوەی چوار ساڵی ڕۆژمێری بەردەوام دەبێت بەپێی مادەی 56/یەکەم، وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنەکان دەبێت 24ی تشرینی دوەمی 2025 بێت، بۆیە دیاریکردنی 11ی تشرینی دوەمی 2025، وەک بەرواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی، پێشێلکارییەکی ڕون پێکدەهێنێت، چونکە لەسەر بنەمای هیچ دەستوری و یاسایی نییە دیارینه‌كراوه.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ده‌ڵێت، لە ماددەی 20ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا هاتوە، ماوەی تانەدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن سێ ڕۆژە لە بەرواری ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە. کۆمسیۆن پێویستە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا وەڵامی تانەکان ئامادە بکات و پێشکەشی دەسەڵاتی دادوەری هەڵبژاردنەکان بکات، کە دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا دوای وەرگرتنی تانەکان بڕیارێک دەربکات، دوای تەواوبونی ئەم وادانە، کۆمسیۆن ئەنجامە کۆتاییەکان دەنێرێت بۆ دادگای فیدڕاڵی بۆ پەسەندکردن، دواتر کۆمیسیۆن سەرۆکی کۆمار ئاگادار دەکاتەوە، کە دواتر داوای کۆبونەوەی پەرلەمانی نوێ دەکات بە فەرمانی سەرۆکایەتی لە ماوەی (15 ڕۆژ) لە بەرواری پەسەندکردنەوە.
په‌یوه‌ست به یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، فائیق زێدان ده‌ڵێت، "پەرلەمانی نوێ بە سەرۆکایەتی به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار كۆده‌بێته‌وه بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردو جێگرەکەی، بەپێی مادەی (55)ی دەستور، پاشان بە پێی مادەی (٧٢/یەکەم/ب)ی دەستور، لە ماوەی (30 ڕۆژ) لە کاتی بانگهێشتکردنی، سەرۆکی کۆمار هەڵدەبژێرێت، دوای هەڵبژاردن، سەرۆک کۆمار کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ڕاده‌سپێرێت بۆ پێکهێنانی حكومه‌ت لە ماوەی (١٥) ڕۆژدا، پاشان کاندیدەکە 30 ڕۆژ مۆڵەتی پێدەدرێت بۆ ئەوەی کابینەکەیان بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی متمانە پێبدرێت، ئەوەش بەپێی مادەی (76)ی دەستور".
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، بە پشتبەستن بەو وادە دەستوریانە، کۆی ئەو کاتەی کە پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ درێژدەبێتەوە بۆ نزیکەی چوار مانگ، به‌ڵام دەتوانرێت ماوەی چوار مانگی پێکهێنانی حکومەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە ئەگەر یەکەم ڕۆژی هەر قۆناغێکی دەستوری بەکاربهێنرێت، نەک چاوەڕێ بکرێت تا زۆرترین وادە تەواو دەبێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هۆشداری ده‌دات له دواكه‌وتنی ده‌ستبه‌كاربونی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و دوباره‌بونه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی هاوشێوه و وتی، "زۆرجار لە ماوەی دیاریکراوی دەستور تێدەپەڕێت، ئەوەش پێشێلکارییەکی ڕونی دەستور پێکدەهێنێت و پێچەوانەی ڕۆحی گواستنەوەی دیموکراسیانەی دەسەڵاتە، بەردەوامبونی ئەم کەموکوڕییە دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی سزا یان کاردانەوەی یاسایی بۆ ئەم پێشێلکارییە".
پاشخانی هه‌واڵ؛
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستیپێكرد و بڕیاره 11ی ئه‌م مانگه‌ش ده‌نگدانی گشتی به‌ڕێوه‌بچێت، لایه‌نه‌كان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی ده‌كه‌ن.
|