سوودانی : ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

2   کاتژمێر پێش ئێستا  139 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەنجوومەنی وەزیران بەرپرسیارێتی لەئەستۆ دەگرێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی مووچە بە ڕووداوی راگەیاند، "پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان پرسێکی تەکنیکی و یاساییە، نەوەک سیاسی."
 
لەبارەی پرسی نەوتەوە سوودانی وتی، "زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بووین تاوەکو لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دواتریش کۆمپانیاکان رێککەوتین. ئێستاش بەشی هەرە گرنگی پرسەکە چارەسەر کراوە، کە هەناردەکردنەوەی نەوتە."
 
سەبارەت بە ناکۆکییەکان لەبارەی رادەستکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''بەگوێرەی یاسا، تەواوی پارێزگاکانی عێراق داهاتەکانیان رادەستی بەغدا دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لێکدانەوەیەکی دیکە بۆ ئەم پرسە هەیە. بۆ ئەوەش رێککەوتین لەگەڵیان کە کێ ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە، بۆیە لیژنەیەکمان پێکهێنا بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی دەوڵەت.''

سوودانی باس لەوەش دەکات، ''ئەنجوومەنی دەوڵەت راسپێردرا بۆ روونکردنەوە و یەکلاییکردنەوەی یاسا بەرکارەکان و لەو چوارچێوەیەشدا وەڵامی دایەوە کە دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتە نانەوتییەکان رادەست بکات بە گەنجینەی گشتیی دەوڵەت، بەڵام تاوەکو ئێستاش لە هەرێمی کوردستان قەناعەتیان بەم وەڵامە نەهێناوە.''
 
لەبارەی ناردنی مووچەی مووچەخۆران، سوودانی گوتی، ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەنجوومەنی وەزیران بەرپرسیارێتی لەئەستۆ دەگرێت، چونکە بڕیاری خۆی داوە و پارەدارکردن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.

ئەم وتەیەی سوودانی لە کاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە. ئەوەی کە پەیوەندی بە داهاتی نانەوتیشەوە هەیە، چەندین مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار داهاتی نانەوتی رادەست دەکات.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە