پووتین هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دەکات
3 کاتژمێر پێش ئێستا
152 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە وەزارەت و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی کردووە ژمارەیەک پلانی بۆ ئامادە بکەن بۆ ئەوەی دەست بە تاقیکردنەوەی ئەتۆمی بکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا هەمان هەڕەشەی کرد.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو کات پابەندبووە بە رێککەوتننامەی گشتگیر بۆ قەدەخەکردنی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەگەر ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکەی خاوەن چەکی ئەتۆمی ئەو چەکە تاقیبکاتەوە، رووسیاش دەیکات.
سەرۆکی رووسیا لەبارەی دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەلایەن وڵاتەکەیەوە دەڵێت، "داوا لە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگریی، هێزە تایبەتەکان و ئاژانسە سڤیلە پەیوەندیدارەکان دەکەم هەموو کارێک بکەن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو پرسە و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا گفتوگۆی لەسەر بکەن، دواتر ژمارەیەک پرۆپۆزەڵم بۆ دەستپێکی کارکردن لەسەر ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، پێبدەن".
ئەو وتانەی سەرۆکی رووسیا دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەلایەن وڵاتەکەیەوە کرد.
ئەندری بیلۆسۆڤ، وەزیری بەرگریی رووسیا رایگەیاند، دوایین لێدوان و کارەکانی ئەمریکا پیشانیدەدەن کە پێویستە دەستبەجێ ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی بکەن. دەشڵێت، ناوچەی نۆڤایا زیلمیا باشترینە بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی تێدا بکەن.
رێککەوتنەکە ساڵی 1963 لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو واژۆکرا. سەرباری رێککەوتنەکە تاقیکردنەوەی ئەتۆمی بەردەوام بوو. ئەمریکا ساڵی 1992، فەرەنسا و چین ساڵی 1996، بەریتانیا ساڵی 1991 و یەکێتیی سۆڤیەت ساڵی 1990 دوایین تاقیکردنەوەی ئەتۆمیان کرد.
یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 کۆتایی هات، لەو کاتەوە دەسەڵاتی نوێی رووسیا هیچ تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی نەکردووە.
|