پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان دوو مووچە دابەش دەکرێت؟ ​

4   کاتژمێر پێش ئێستا  26 جار خوێنراوەتەوە

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەڵێت بەغدا ستەم لە خەڵکی کوردستان دەکات و جەختیش لەوەدەکاتەوە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دوو مووچە دابەش بکرێت.

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە عێراق جێبەجێ کردووە، یەک خاڵیش نەماوە هەرێم جێبەجێی نەکردبێت.

وتیشی: لەسەرەتای مانگی 10ەوە دوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی دابوو مووچەی مانگی 8 بنێرێت، بەڵام بەداخەوە پێوەی پابەند نەبوون.

ڕێباز حەملان ئەوەشی خستەڕوو بەغدا بەنیازە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی ئاب بنێرێت، بەڵام ئەمە ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، مەسرور بارزانی بە محەمەد شیاع سوودانی وتبوو، ئێمە هەموو پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێکردووە، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین هەموو مووچەکانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان کە ماوەتەوە بۆمان خەرجبکەن، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەڵێنی دابوو پابەند بن.

ڕێباز حەملان ڕاشیگەیاند، چەند ڕۆژێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەچڕی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنی عێراق دوو مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دابەش بکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە