ترەمپ: جەنگ لە غەززە کۆتایی هات

7   کاتژمێر پێش ئێستا  133 جار خوێنراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی دەستپێکردنی گەشتێکی گرنگی ئاشتی بۆ ئیسرائیل و میسر، رایگەیاند "جەنگ لە غەززە کۆتایی هات."
 
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی "ئێیەرفۆرس وەن" لە سەرەتای گەشتە "زۆر تایبەتەکەیدا،" ترەمپ نیگەرانییەکانی لەبارەی ئاگربەست و رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس رەتکردەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دڵنیایە لەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کۆتایی هاتووە، ترەمپ وتی، "جەنگ کۆتایی هات، باشە؟ لەوە تێدەگەن؟"
 
لەبارەی ئەوەی ئایا ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت، وتی، "پێم وایە بەردەوام دەبێت. پێم وایە خەڵک لێی ماندوو بوون. ئەمە سەدەیەکە بەردەوامە."
 
ترەمپ رۆژی دووشەممە چووە پەرلەمانی ئیسرائیل بۆئەوەی لەوێ وتارێک پێشكێش بکات.
 
دواتر ترەمپ روو لە میسر دەکات و لەوێ لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە، سەرۆکایەتیی لووتکەیەک دەکەن کە زیاتر لە 20 سەرکردەی جیهانی تێیدا بەشدار دەبن، بۆ پشتیوانیکردن لە پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و برەودان بە ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
گەشتە خێراکەی ترەمپ، کە بۆ دووەم خول سەرۆکە، بەشێکی بۆ ئاهەنگگێڕانە بەبۆنەی رێککەوتنی غەززە، کە خۆی بە پلانێکی ئاشتیی 20 خاڵی لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا نێوەندگیری تێدا کرد.
 
پێش ئەوەی ترەمپ لە ئەمریکاوە بەڕێبکەوێت، گوتی: "هەمووان بۆ ئەم ساتە زۆر بەپەرۆشن. ئەمە بۆنەیەکی زۆر تایبەتە".
 
بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا یاوەریی دەکەن، لەوانە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ پیت هێگسێس، وەزیری جەنگ، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و دان کەین، گەورە بەرپرسی سەربازی.
 
"چوونە نێو غەززە"
 
ترەمپ هەوڵ دەدات هەندێک لەو ناڕوونییە گەورانەی قۆناغەکانی داهاتوو چارەسەر بکات، لەوانە رەتکردنەوەی چەکدانانی حەماس و پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە کشانەوەی تەواوی لە ناوچە وێرانبووەکە.
 
ترەمپ پێداگری کرد کە "بەڵێنی" لە هەردوولا و لایەنە سەرەکییەکانی دیکەی ناوچەکە وەرگرتووە سەبارەت بە قۆناخی سەرەتایی رێککەوتنەکە و قۆناغەکانی داهاتوو. ترەمپ وتی: "زۆر بەڵێنی زارەکیمان هەیە و پێم وانییە بیانەوێ نائومێدم بکەن."
 
سەرۆکە کۆمارییەکە وتیشی، پەیوەندی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "زۆر باشە" و وتی: "هەندێک ناکۆکیم لەگەڵی هەبوو کە بە خێرایی چارەسەر کران."
 
ترەمپ وتی، حەزدەکات لە کۆتاییدا سەردانی غەززە بکات، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کەی کارێکی لەو جۆرە دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد: "شانازیی دەکەم. حەزدەکەم بەلایەنی کەمەوە پێی بنێمە نێوی."
 
سەبارەت بە دەستەی نوێی بەڕێوەبردن بۆ غەززەی وێرانکراو، کە بەپێی پلانەکەی ترەمپ خۆی سەرۆکایەتیی دەکات، وتی "زۆر بەخێرایی" دادەمەزرێت.
 
بەڵام وا دەرکەوت لە پلانەکانی بۆ بەشداریکردنی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا پاشگەز بووبێتەوە کە بەهۆی رۆڵی لە داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003دا، هەڵبژاردەیەکی مشتومڕاوی بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ترەمپ گوتی: "هەمیشە حەزم لە تۆنی بووە، بەڵام دەمەوێ بزانم ئایا ئەو هەڵبژاردەیەکی قبووڵکراوە بۆ هەمووان."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە