پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دوکان سلێمانی واژۆ کرا
13 کاتژمێر پێش ئێستا
71 جار خوێنراوەتەوە
پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دووكان، سلێمانی ئیمزا کرا، کە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندی لەبارەوە داوە، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیش ئەوەی خستەروو: پڕۆژەکە بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو كێشەی كەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەكات.
بەئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران گرێبەستی پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دووكان – سلێمانی ئیمزا کرا کە زیاتر لە 423 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرۆژەکەوە رایگەیاند: تەواوبونی ئەم پرۆژەیە کێشەیەکی لەمێژینەی ئاوی سلێمانی چارەسەردەکات، کە پرۆژەیەکی کابینەی 9یەو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوییە، کە دیراسەی لەسەرکراوەو کورتهێنان هەبووە لە پرۆژەی ئاو لە شاری سلێمانی.
وتیشی: ئەم پرۆژەیە گەورەو ستراتیژی و درێژمەودایە، پێکهاتەکانی رۆڵی گەورە لەچارەسەری کێشەی ئاوی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەریشی دەبێت، بەدڵنیایەوە کوالیتی ئاوی بەرهەمهاتوو بەپێی ستانداردی عیراقی و جیهانی دەبێت.
هەر لەو بارەیەشەوە بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند: گرێبەستەکە بە گوژمەی 423 ملیۆن و 790 هەزار دۆلار ئیمزا کراوە، کە بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو كێشەی كەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەكات و گرێبەستەکەش لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار ئیمزا کرا.
ئاماژەی بەوەشدا: پڕۆژەکە بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بەدەستهێناوە و لەماوەیەکی نزیکدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش لەدوای ئەوەدێت پێشتر پڕۆژەکە تەنها 398 ملیۆن و 486 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانکرابوو، بەڵام بەهەوڵی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری زیادکردنی گوژمەکە بۆ 423 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار درا.
|