4 سزای ئاگرین چاوەڕێی بارسێلۆنا دەکەن

2025-09-21  148 جار خوێنراوەتەوە

چوار سزای ئاگرین چاوەڕێی بارسێلۆنا دەکەن ئەگەر تۆمەتەکانی گەندەڵی لە دۆسێیەی نێگرێرای بەسەردا ساخ ببنەوە، کە لەنێو ئەو سزایانەدا لێسەندنەوەی نازناوەکان و دابەزاندنی بۆ خولی پلە دووی تێدایە.
 
دۆسیەی نێگرێرا زیانێکی زۆری بەنێوبانگی بارسێلۆنا گەیاند، دوای ئەوەی چەند سەرۆکێک و بەرپرسانی تیپەکە بەگومانی گەندەڵی تۆمەتبارکران، دوای ئەوەی دەرکەوت کە بڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆ، لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2018  دراوەتە کۆمپانیایەک کە لەلایەن خوسێ ماریا نێگرێراوە خاوەندارێتی دەکرا، کە لەو کاتەدا جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان بوو.
 
دانپێدانانەکانی خاڤیێر نێگرێرا، کوڕی جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانی، یانەی بارسێلۆنا و کارگێڕییەکەی خستە دۆخێکی ناخۆشەوە، چونکە پشتڕاستیکردەوە کە بڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆکە کە باوکی وەریگرتبوو، بۆ راپۆرتی ناوبژیوانان نەبووە و دووپاتیکردەوە کە خۆی 60 هەزار یۆرۆی وەرگرتووە (دواتر هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە کرد کە کوڕی نێگرێرا ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە دەڵێت قسەی لەو شێوەیەم نەکردووە).
 
دانپێدانانە نوێیەکان لەوانەیە دووبارە دۆسێیەی سزادانی بارسێلۆنا بکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی خاڤیێر تێباس، سەرۆکی خولی ئیسپانی، پشتڕاستی کردەوە کە تاوانەکە بە تێپەڕبوونی 5 ساڵ نامێنێت، بەڵام گوشاری یانەکان و یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا و گومانی گەندەڵی ناوبژیوانان لەوانەیە تیپەکە بخاتە بەردەم 4 سزای ئاگرین، کە ئەمانەن:
 
1 - دابەزاندنی بارسێلۆنا بۆ خولی پلە دوو یان سێ
 
لە دۆسێیەکانی گەندەڵی و بەرتیل لە تۆپی پێدا، سزای دابەزاندنی تیپەکە بۆ خولەکانی خوارەوە پێشبینیکراوە، وەک ئەوەی پێشتر بۆ ئۆڵمپیک مارسیلیا لە فەرەنسا و یوڤێنتوس لە ئیتاڵیا روویدا.
 
بۆ ب، لەگەڵ قەیرانی داراییەکەیدا، دابەزاندنەکە لەوانەیە ببێتە گورزێکی کوشندە بۆ مانەوەی یانەکە بەگشتی.
 
2 - لێسەندنەوەی نازناوەکانی پێشوو
 
لەوانەیە ئەو نازناوە ناوخۆییانە لەدەستبدات، کە لە ئیسپانیا بەدەستیهێناون لەو ماوەیەدا کە پارەی دەدا بە نێگرێرا، کە بەرپرسێک بوو لە لیژنەی ناوبژیوانی.
 
نازناوە گرنگەکانی خولی ئیسپانی لەدەست دەدات، چونکە زۆرترین نازناوی بەدەستهێنابوو دوای ساڵی 2000.
 
3 - کەمکردنەوەی خاڵ
 

ئەگەری هەیە لالیگا و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانی تەنیا سزای کەمکردنەوەی خاڵ لە تیپەکەدا بسەپێنن، بەڵام بارسێلۆنا زۆر لەم سزایەش دەترسێت، چونکە لەوانەیە کەمکردنەوەی خاڵ بیخاتە خولی پلە دوو لە کۆتایی وەرزدا یان لانیکەم بێبەشی بکات لە کێبڕکێ لەسەر نازناوی خولەکە.
 
4 - سزاکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (UEFA)
 
بارسێلۆنا زۆر لە سزا پێشنیازکراو لە ئیسپانیا ناترسێت بەهۆی یاسای تێپەڕبوونی کات و ئەگەری دانوستاندن و گوشارکردن بۆ سووککردنیان، بەڵام زۆر لە سزاکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (UEFA) دەترسێت، کە دان بە تێپەڕبوونی کاتدا نانێت و دیارترین سزاکانی بریتییە لە قەدەخەکردنی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکان بۆ ماوەیەک کە لەوانەیە بگاتە 5 ساڵ، کە ئەمەش گورزێکی دارایی و وەرزشییە بۆ تیپەکە.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە