نەیمار جارێکی دیکە تووشی پێکانێکی قورس بوو

2025-09-21  141 جار خوێنراوەتەوە

نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی، تووشی پێکانێکی نوێ دەبێت و بۆ ماوەیەکی زۆر دووری دەخاتەوە لە یانەی سانتۆس.
 
 یانەی سانتۆس ئەمڕۆ لەڕێگەی بڵاوکراوەیەکەوە رایگەیاند، نەیمار بەربەستێکی نوێی تووش بوو لە هەوڵەکانیدا بۆ گەڕاندنەوەی ئامادەیی جەستەیی، بەهۆی تووشبوونی بە پێکان لە رانیدا.
 
ئەو ئەستێرە تەمەن 33 ساڵە، گۆڵکاری مێژوویی بەرازیل، رۆژی پێنجشەممە مەشقەکانی جێهێشت دوای هەستکردن بە ئازار لە رانی راستیدا، و پشکنینەکان دواتر پشتڕاستیان کردەوە کە تووشی پێکان بووە لە ماسوولکەی راستی رانیدا.
 
لە بڵاوکراوەی یانەکەدا هاتووە "نەیمار جونیۆر دەستی بە پرۆگرامی چارەسەری کردووە لەژێر سەرپەرشتی بەشی پزیشکی یانەی سانتۆس". یانەکە هیچ ئاماژەیەکی بۆ وادەی گەڕانەوەی نەکردووە، بەڵآم هەندێک لە سەرچاوەکان رایانگەیاند کە ماوی دوورکەوتنەوەی نەیمار بەهۆی ئەم پێکانە نوێیە 12 هەفتەیە و بەشداری لە هەفتەی فیفای داهاتوو ناکات، هەروەک چۆن بەشداری لە هەفتەی فیفای رابردووشدا نەکرد.
 
نەیمار لەدوای پێکانە قورسەکەی ئەژنۆی لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەشداری نەکردووە، دوای ئەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەکە، لە لیستەکانی دواییدا دووری خستووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە یاریزانان دەبێت ئامادەیی تەواوی خۆیان بسەلمێنن بۆ ئەوەی ڕرەچاوی بانگهێشتکردنیان بکرێت بۆ مۆندیالی 2026.
 
ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان لەم وەرزەدا 13 یاری لە خولی بەرازیل لەگەڵ سانتۆس ئەنجامداوە و سێ گۆڵی تۆمارکردووە. یانەکەی دوای تێپەڕبوونی 22 گەڕ یەک خاڵ لە سەروو ناوچەی دابەزینەوەیە.
 
ئەمە چوارەم پێکانە لە قاچی رستیدا لەدوای گەڕانەوەی بۆ یانەکە، یەکەمیان لە شوباتدا بوو، و دووەمیان لە نیساندا بوو، کە ناچاری کرد بۆ ماوەی مانگێک بوەستێت. لە ئابیشدا تووشی پێکانێک بوو کە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە یاریگاکان دووری خستەوە، و نەیمار بەشداری کلاسیکۆکەی بەرامبەر ساو پاولۆ ناکات، کە یەکشەممەی داهاتوو لە خولی بەرازیلیدا ئەنجام دەدرێت.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، نەیماری لە لیستی هەڵبژاردەی سێلیساو دوورخستەوە و هۆشداری دا کە ئەگەر یاریزانەکە بیەوێت بەشداری لە جامی جیهانی 2026 بکات، دەبێت لە ئامادەییەکی جەستەیی تەواودا بێت، هەروەک چۆن یاریزانەکانی دیکە وان.
 
ناوی نەیمار لە لیستی سەرەتاییدا بوو کە ئەنچێلۆتی دای نابوو لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ جامی جیهانی 2026، بەڵام ئەم پێکانە بەربەستێکی نوێیە لەڕێگەی گەڕانەوەیدا، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییە دۆستانەکان لە تشرینی یەکەمدا، بەرامبەر کۆریای باشوور لە 10ـی10ـی2025 لە سیئۆل و بەرامبەر ژاپۆن لە 14ـی10ـی2025 لە تۆکیۆ.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە