فرانس فووتبۆڵ وردەکاریی دەنگدانی باڵۆندۆر ئاشکرا دەکات
2025-09-27
283 جار خوێنراوەتەوە
فرانس فووتبۆڵ وردەکاریی دەنگدانی باڵۆندۆر ئاشکراکرد و دەرکەوت کە عوسمان دێمبێلێ، هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمان بەجیاوازییەکی زۆر پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و خاوەنی پلەی دووەم نەیتوانیوە رکابەرییەکی قورسی ئەو بکات.
عوسمان دێمبێلێ، هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمان، کە رۆژی دووشەممەی رابردوو خەڵاتی باڵۆندۆری بەدەستهێنا، وەک یەکەمی راپرسییەکە هەڵبژێردرا، کە لەلایەن 73 لە کۆی 100 رۆژنامەنووسی بانگهێشتکراو بۆ دەنگدان لەسەر باشترین یاریزانی وەرزی رابردوو دەنگی یەکەمیان بۆ عوسمان بوو.
گۆڤاری فرنس فووتبۆڵ رۆژی هەینی دەنگەکانی ئاشکراکرد و بەر لەوەش ڤینسێنت گارسیا، سەرنووسەری گۆڤارەکە، بە رۆژنامەی لیکیپی راگەیاند کە دێمبێلێ بەجیاوازییەکی زۆر براوە بووە.
گۆڤاری فرنس فووتبۆڵ وردەکارییەکانی دەنگدانەکە و ریزبەندیی باشترینەکانی بڵاوکردەوە، تێیدا یاریزانەکەی پاریس سانجێرمان بە بەدەستهێنانی 1.380 خاڵ پلەی یەکەم و خەڵاتەکەی مسۆگەر کردووە، بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش لامين یامالی یاریزانی بارسێلۆنای ئیسپانی، کە بەکۆکردنەوەی 1.059 خاڵ پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، کە ئەویش بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش ڤیتینای پۆرتوگالی و هاوڕێی دێمبڵییە لە پاریس سانجێرمان، کە بە 703 خاڵ خاوەنی پلەی سێیەم بوو.
هەر رۆژنامەنووسێکی دەنگدەر، یەکێک لە هەر وڵاتێک لە سەد وڵاتی یەکەم لە ریزبەندیی فیفا، 10 یاریزان لەڕووی شایستەییەوە هەڵدەبژێرێت. ئەو دە یاریزانەی هەڵدەبژێردرێن، 15، 12، 10، 8، 7، 5، 4، 3، 2 و 1 خاڵ بەدەستدەهێنن.
جگە لە خاڵەکان، عوسمان دێمبێلێ لەلایەن 73 رۆژنامەنووسەوە وەک یەکەم هەڵبژێردرا.
یامالیش بەجیاوازییەکی زۆر لە دوای ئەو بوو، کە تەنیا 11 دەنگی وەک یەکەم بەدەستهێنابوو، و ناوی هەردوو ئەستێرەکە لە هەموو کارتی دەنگدانەکاندا هاتبوو، بە تێبینی ئەوەی کە دێمبێلێ هەرگیز لە پێنج یەکەمەکاندا نەهاتبووە دەرەوە.
لەنێو یانەی پاریسی پاڵەوانی ئەورووپاشدا، ڤیتینیا 6 دەنگی یەکەمی بەدەستهێنا، و ئەشرەف حەکیمی مەغریبی 3 دەنگی، و خڤیچا کڤاراتسخێلیای جۆرجیش تەنیا یەک دەنگی لە رۆژنامەنووسی جۆرجییەکەوە بەدەستهێنا.
لەبارەی ریزبەندیی یاریزانەکانی دیکەوە، محەمەد سەڵاحی میسری، ئەستێرەی لیڤەرپوول، لە پلەی چوارەمدا هات بە 657 خاڵ.
رافینیای بەرازیلی و یاریزانی بارسێلۆنا بە 620 خاڵ پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا و ئەشرەف حەکیمی مەغریبی بە 484 خاڵ پلەی شەشەمی بەدەستهێنا. پاشان کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، هێرشبەری ریال مەدرید بە 378 خاڵ پلەی حەوتەمی بەدەستهێنا.
کۆل پاڵمەری ئینگلیزی، پلەی هەشتەمی بەدەستهێنا بەکۆکردنەوەی 211 خاڵ و جیانلویجی دۆناروومای ئیتاڵی،گۆڵپارێزی پێشووی پاریس سانجێرمان و ئێستای مانچێستەر سیتی بە 172 خاڵ پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا، پێش ئەوەی نونو مێندێشی پۆرتوگالی، بەرگریکاری پاریس، لیستەکە لە پلەی دەیەمدا بە 171 خاڵ تەواوکرد.
|