دوای یاریی ئیسپانیۆل لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدریددا شەڕ روویداوە

2025-09-21  119 جار خوێنراوەتەوە

دواى سەرکەوتنی ریال مەدرید بەسەر ئیسپانیۆلدا، ئەستێرەیەکی لاوی یانەکە لە ژووری جلگۆڕیندا تووڕەیی خۆی دەربڕیوە و دەمەقاڵێی کردووە بەهۆی ئەوەی کە پێیوایە  پشتگوێخراوە.
 
لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، چاوەڕوان دەکرا ئێندریكی بەرازیلی بەهۆی بەهرە گەورەکەی و تۆمارە نایابەکەی لە خولی بەرازیلیدا، یەکێک بێت لە دیارترین یاریزانەکانی داهاتووی نزیک لە ریال مەدرید، بەڵام لە واقیعدا، سەرەڕای توانای بەرزی، وادیارە یاریزانە لاوەکە لە بەدەستهێنانی ئەو دەرفەتانەی کە شایەنیەتی لەناو تیپەکەدا بێبەش بووە.
 
ریال مەدرید توانی پێنجەمین بردنەوەی یەک لە دوای یەکی خۆی لە خولی ئیسپانی بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی ئیسپانیۆلی بردەوە  لە یارییەکدا کە ئێوارەی شەممە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەی بەکۆکردنەوەی 15 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندییەکەدا بمێنێتەوە، بەڵام لە پشت ئەم سەرکەوتنە ئاسانەوە، کێشەیەک لە ژووری جلگۆڕیندا روویدا و ئێندریک دەستی کرد بە دەمەقاڵێ و هاوڕێکانی ساردیان کردەوە، ئەگەرنا لەوانەبوو سەربکێشێت بۆ شەڕێکی گەورە.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، لەدوای یارییەکەی ئیسپانیۆل، ئێندریك شەڕی کردووە و بەئاشکرا ناڕەزایەتی خۆی لەو دۆخە نیشانداوە کە تێیدا دەژیت و ئەلۆنسۆ یاری پێناکات.
 
 ئێندریک بەدرێژایی یارییەکە لەسەر کورسی یەدەگ مایەوە ، لەکاتێکدا گۆنزاڵۆ گارسیا، یاریزانێکی لاوی دیکە، لە سەرەتاوە دەستی بە یاری کرد. ئەم دۆخە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەشوهەوای یارییەکە هەبوو، چونکە وادیارە راهێنەر چابی ئەلۆنسۆ دەرفەتی پێویست بە ئێندریك نادات بۆ بەشداریکردن.
 
بەر لەوەی یاریزانان بگەڕێنەوە ژووری جلگۆڕین، دیمەنەکانی دەموچاوی ئێندریك،  بێهیوایی و تووڕەییان پێوە دیاربوو، لە دەموچاوەکانی دەخوێندرایەوە کە پشتگوێخستنی لەلایەن راهێنەرەکەوە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرگە نەگیراو. هەر بۆیەش شەڕی کردووە و هەندێک لە یاریزانە هاوڕێکانی رەخنەیان لێگرتووە و خەریک بووە شەڕێکی تووند رووبدات، بەڵام بەشێک لە هاوڕێیانی دیکەی کەوتوونەتە نێوانیان و دۆخەکەیان ساردکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان لە یاریزانەکە، ئێندریك دوای ئەو یارییە دەستیکردووە بە بیرکردنەوە لە داهاتووی خۆی لە ریال مەدرید، بەهۆی بەردەوامبوونی پشتگوێخستنی لەلایەن چابی ئەلۆنسۆوە. ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ئێندریک دەیەوێت لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا لە ریال مەدرید بڕوات". هەروەها دەڵێن "وادیارە ئێندریك پلانی هەیە بۆ دۆزینەوەی تیپێکی دیکە کە ئەو دەرفەتەی پێبدات کە پێیوایە شایەنیەتی، چونکە چاوەڕوانی بەدەستهێنانی خولەکەکانی یاریی بەردەوامە بۆ سەلماندنی خۆی لەسەر ئاستی ئەورووپا".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە