نۆیەمین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلم لە ئامەد دەستیپێکرد
2025-09-27
110 جار خوێنراوەتەوە
نۆیەمین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلم بەناوی "فیلم ئامەد"، بە نمایشی بەڵگەفیلمی "ژنوار" لە ئامەدی باکووری کوردستان دەستیپێکرد.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن شارەوانیی کایاپناری ئامەد و کۆمەڵەی ئەکادیمیای سینەمای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە رێکخراوە و رێوڕەسمی دەستپێکردنی لە سەنتەری چاند ئامەدی کولتووری بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەزاران کەس بەڕێوەچوو.
میر مستەفا بایدەمیر، ئەندامی کۆمیتەی فێستیڤاڵەکە رایگەیاند، "لێرەدا شایەتحاڵی چیرۆکەکانمان دەبین. فیلمی ئامەد ژیان دەهێنێتە سەر شاشە." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "بێ یادی سری سورەیا ئۆندەر، خەلیل داغ و یڵماز گونەی، نابێت. دەزانین کە لەم خاکەدا ئاشتی بەرقەرار دەکەین و سەردەکەوین، بێگومان سەردەکەوین."
دواتر، بەریڤان گویلشەن سینجار، هاوسەرۆکی شارەوانیی کایاپنار گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، بەڵگەفیلم لە سینەمادا دەنگی راستییە و گوتی، "هەر بۆیە فیلم ئامەد هیوای داهاتوو دەخاتە بەردەممان. سەرەڕای سیاسەتی قەییوم و نکۆڵیکردن، ئەم کارە بەڕێوەچوو. ئەگەر زمان، کولتوور و هونەری گەلێک ئازاد نەبێت، داهاتووشی ئازاد نابێت."
دوای وتارەکان، هونەرمەند محەممەد ئاتلی چەند گۆرانییەکی پێشکێشکرد و ئامادەبووان بە گۆرانییەکانیەوە هاوبەشییان کرد.
پاشان، بەڵگەفیلمی "ژنوار" لە دەرهێنانی نادیا دێرڤش نمایشکرا، کە باس لە گوندی ژنواری ژنان لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.
فێستیڤاڵەکە تاوەکو 30ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت و بڕیارە لەو ماوەیەدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەبچن.
|