هونەرمەندانی کورد لە پێشانگەیەکی شێوەکاری لە ئەڵمانیا بەشدار دەبن
2025-08-28
54 جار خوێنراوەتەوە
دوای بەڕێوەچوونی سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی هونەریی (ON TOP) لە شاری کرێفێڵدی ئەڵمانیا، بەرهەمی سیمپۆزیۆمەکە لە چوارچێوەی پێشانگەیەکدا خرانەڕوو، بەشێک لە بەشداربووان هونەرمەندانی کوردن.
حەمە هاشم، نووسەر و شێوەکار، یەکێک لە بەشداربووە کوردەکانی سیمپۆزیۆم و پێشانگەکەیە رایگەیاند: "پیشانگەی (هونەر و جەنگ) بەرهەمی سیمپۆزێۆمی كریفێڵدە كە 24 هونەرمەند تێیدا بەشداربوون، بریتی بوون لە هونەرمەندانی كورد، ئەڵمانی، رووسی، پۆڵەندی، ئێرانی، ئۆکراینا و عەرەب بەشداربوون. هەر هونەرمەندێك دوو بەرهەمی هونەری خستەڕوو".
سیمپۆزیۆمەكە ماوەی یەك هەفتە بەردەوام بوو و پیشانگەكەش لە 22ـی ئاب تاوەکو 19ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەدەچێت.
حەمە هاشم، وتیشی، چالاكییەکە بە هاوكاری ناوەندی کولتووری سۆزیۆ (NRW)، گرووپی (NRW V) و وەزارەتی رۆشنبیری و زانستی راین- وێستفالیا بەڕێوەدەچێت.
سیمپۆزیۆمەکە، لەلایەن کۆڕبەندی هونەری (ON TOP)ـەوە رێکخرا کە کارگەیەکی هونەریی کراوە بوو و بانگهێشتی هونەرمەندانی وێنەکێش و پەیکەرسازی خاوەن ئەزموونی لە وڵاتانی جیاوازەوە کردبوو.
حەمە هاشم، لەبارەی سیمپۆزیۆمەکە، پێشتر رایگەیاندبوو: "بیرۆکەی سەرەکیی سیمپۆزیۆمەکە پرۆسەیەکی کارکردنی کراوە و کۆمەڵایەتییە. هەموو بەشداربووان ئیلهام لە یەکدی وەردەگرن، چ لە رووی تەکنیکەوە بێت یان لە ئاستی بیرکردنەوە. کارەکان لە شوێنی کامپەکە دروست دەکرێن و دواتر نمایش دەکرێن."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، سیمپۆزیۆمی ئەمساڵ لەژێر ناوی "پاراستن"ـە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییە جیهانییەکان و هونەرمەندان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی پاراستنی ژینگە و ئەزموونە کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستییەکان.
حەمە هاشم، ساڵی 1973 لە قەزای کۆیەی سنووری پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، مامۆستای بەشی شێوەکارییە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، تاوەکو ئێستا 16 پێشانگەی تایبەتی لە شارەکانی کوردستان کردووەتەوە، جگە لە بەشداربوون لە چەند پێشانگەیەکی تایبەت و هاوبەش لە وڵاتانی جیهان، لەوانە ئەمریکا، فەرەنسا، هیندستان، ئەڵمانیا و پۆڵەندا.
وەک نووسەر چەند کتێبێکی چاپ و بڵاوکردووەتەوە، بە ناوەکانی: "هونەری پیرۆز"، "ڤان کۆخ"، "رۆدا و هونەری ئەبستراکت"، "نامەکانی ڤان کۆخ"، "میکلانجلۆ"، "مێژووی هونەر .. مێژووی مرۆڤ"، "پەیکەرسازی مۆدێرن" و "هونەری پۆستمۆدێرنیزم".
|