سامی یوسف کۆنسێرتێکی ساز کرد و داهاتەکەی بۆ غەززەدەبێت
2025-08-28
68 جار خوێنراوەتەوە
هونەرمەندی ناوداری جیهانی، سامی یوسف، دوای ماوەیەکی زۆر لە دابڕان، کۆنسێرتێکی لە شاری ئیستەنبووڵ بەناوی "Ecstacy Between two seas" (سەرمەستی لەنێوان دوو دەریا) ساز کرد و بڕیارە بەشێک لە داهاتەکەی پێشکێشی غەززە بکات.
لە کۆنسێرتەکە نزیکەی 25 هەزار کەس ئامادە بوون. سامی یوسف، لە سەرەتای کۆنسێرتەکەدا گوتارێکی بە زمانی تورکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "هەموو نزاکانمان بۆ خوشک و براکانمانە لە غەززە و فەلەستین. ئێمە گوێمان لێتانە و لەگەڵتانین."
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەدا، شانازییەکی گەورەیە لەگەڵ مۆسیقاژەنە بەتواناکان لە سەرانسەری جیهانەوە لەسەر یەک ستەیج کۆدەبنەوە. لە کۆنسێرتەکەدا، ئۆرکێسترایەکی 75 کەسی لەگەڵ سامی یوسف بەشدار بوون کە لە هونەرمەندانی ناوداری چین، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا و چەندین دەنگبێژی تورک پێکهاتبوو.
سامی یوسف، بەرهەمی 'The Meeting' (دیدار) کە لەسەر هۆنراوەی شاعیری کلاسیکی ئازەربایجانی، فزوولی، ئامادەی کردووە، پێشکێش بە خەڵکی غەززە کرد. ژمارەیەک کەسایەتیی ناسراوی بواری کار، سیاسەت، میوزیک و هونەر ئامادەی کۆنسێرتەکە بوون، لەوانە مۆسیقاژەنی جیهانی، مەزهەر ئالانسن و هونەرمەندی ناسراوی تورک، ئۆرهان گەنجەبای. بڕیارە بەشێک لە داهاتی کۆنسێرتەکە وەکو هاوکاری پێشکێش بەو کەسانە بکرێت کە بەهۆی قەیرانی مرۆیی لە فەلەستین و غەززە زیانیان بەرکەوتووە.
سامی یوسف، گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، بەرهەمهێنەر و ژەنیارێکی بەریتانییە و بە رەچەڵەک ئازەربایجانی- ئێرانییە. ناوی راستەقینەی سیامەک رادمەنشە و لە تەممووزی ساڵی 1980 لە تاران لەدایکبووە. ئەو کوڕی بابەک رادمەنشە کە ئاوازدانەر و شاعیرێکی ناسراوی ئێرانە.
سامی یوسف لە کۆنسێرتەکانی دەڵێت، "میوزیک زمانی منە"، واتە بە هەموو زمانێک گۆرانی دەڵێت. ئەو بە چەندین زمان گۆرانی گوتووە، لەوانە ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، تورکی، کوردی، هیندی، ئۆردو. ئەمەش وایکردووە هاندەرێکی فراوانی لە سەرانسەری جیهاندا هەبێت.
ئەو هونەرمەندە لە تەمەنێکی زووەوە حەزی لە مۆسیقا بووە و فێری ژەنینی چەندین ئامێری مۆسیقا بووە، لەوانە پیانۆ، کەمان، تار، دەف و عود. خوێندنی مۆسیقای لە ئەکادیمیای شاهانەی مۆسیقا لە لەندەن تەواو کردووە.
یەکەم ئەلبوومی کە بە ناوی "المعلم" لە ساڵی 2003 بڵاوکردەوە و ناوبانگێکی گەورەی لە جیهانی ئیسلامیدا بەدەستهێنا. گۆرانییەکانی زۆربەی کات لە دەوری بابەتە رۆحی و ئیسلامییەکان دەسووڕیێنەوە و پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی بڵاودەکەنەوە.
|