زیاتر لە 2000 عومرەکار لە دەروازەی عەرعەر راگیران

2   کاتژمێر پێش ئێستا  138 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 50 پاسی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دەروازەی عەرعەر لە دیوی سعودیەوە راگیران و پاساوەکەش هەبوونی مادەی رێگەپێنەدراو بووە بۆ سعودیە.
 
کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نیوەشەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ قەرەباڵخییەک لە دیوی سعودیەوە دروستبوو؛ لە دیوی عێراقەوە هیچ کێشەیەک نەبوو. بەو هۆیەوە نزیکەی 50 پاسی عومرەکاران بۆ ماوەیەک راگیران."
 
وتەبێژی حەج و عومرە وتی، "دەستەی حەجی عێراقی ئاگاداری کردینەوە کە هۆکارەکە هەبوونی مادەی رێگەپێنەدراوە بۆ سعودیە لەنێو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان. بە گوێرەی زانیاری ئێمە، ئۆتۆمبێلی عێراق بووە نەوەک هەرێمی کوردستان."
 
کاروان ستوونی دەڵێت، "نزیک کاتژمێر 07:00ـی ئەمڕۆ هەموو عومرەکارەکان دەروازەکەیان بەرەو سعودیە جێهێشت، ئەویش دوای راگیرانیان بۆ نزیکەی 18 کاژێر."
 
وتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد، "دڵنیایی دەدەینە ئەوانەی لە رێگەدان یان دەیانەوێ بۆ مەبەستی عومرە بچنە سعودیە، هیچ کێشەیەک نییە و تەنیا بەهۆی پشکنینەوە دەربازبوون خاوبووەتەوە، ئەگەرنا هەموو گەشتەکان دەکرێن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە