ئەحمەد شەرع هەڕەشە لەهەسەدە دەکات واز لە یەك بست خاك ناهێنین
2 کاتژمێر پێش ئێستا
205 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆككۆماری سووریا دەڵێت: دانوستاندنەكان لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) "هێواش بوونەتەوە" و سووریا واز لە یەك بست لە خاكەكەی ناهێنێت.
ئەحمەد شەرع سەرۆككۆماری سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشكرایكرد دانوستاندنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل لەئارادایە و وتیشی: "هەندێك لایەنی ئێرانی" هەوڵی تێكدانی دۆخی سووریا دەدەن و هەر بیرۆكەیەك بۆ دابەشكردنی خاکەکەمان "ئەستەمە" و سووریا "قبووڵی ناكات".
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە كرد هەسەدە "نوێنەرایەتیی تەواوی پێكهاتەی كورد ناكات" و پێكهاتەی عەرەب لە ناوچەكەدا "زیاتر لە 70٪ پێكدەهێنێت".
سەرۆككۆماری سووریا دۆخی رۆژئاوای كوردستانی بە هەرێمی كوردستان بەراورد كرد و وتی:"دۆخەكە وەك باكووری عێراق، كوردستانی عێراق نییە. تەنانەت كوردستانی عێراقیش، سەرەڕای هەموو ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی هەیبوو، كاتێك بیری لە جیابوونەوە كردەوە، شكستی هێنا."
شەرع راشیگەیاند دانوستاندنەكانیان لەگەڵ هەسەدە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لە 10ی ئاداری 2025 واژۆیان كرد، پێشتر "بە باشی بەڕێوەدەچوون" بەڵام ئێستا پرۆسەكە "خاو بووەتەوە" و "تووشی جۆرێك لە پەككەوتن" بووە.
لەبارەی ئەو خاڵانەی لەگەڵ هەسەدە رێككەوتنیان لەسەر كرابوو، ئەحمەد شەرع باسی لەوەکرد: "رێككەوتین لەسەر تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە بە سوپای عەرەبیی سووریا. رێككەوتین لەسەر هەبوونی هەندێ پیگەی تایبەت بۆ ناوچە كوردییەكان و هەروەها هەندێك پۆست بدرێتە كەسایەتییەكانی ناوچەكە."
سەرۆككۆماری سووریا وتیشی: "سووریا واز لە یەك بست لە خاكەكەی ناهێنێت. ئەمە سوێندێكە لەبەردەم گەل خواردوومانە كە دەبێ هەموو خاكی سووریا بپارێزین و یەكگرتوو بێت."
|