بایکۆتێکی بێدەنگ و رانەگەیندراو فەرمانگە و نەخۆشخانەکانی گرتوەتەوە
2025-08-28
256 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە، بەشێکی زۆر لە فەرمانگە و دەزگا خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت لە شار و شارۆچکەکان بایکۆتێکی بێدەنگ و رانەگەیەندراویان دەست پێ کردووە ئەوەش کاریگەری جددی لەسەر هاووڵاتیان دروستکردوە.
ماوەی نزیک بە چوار مانگە تەنیا مووچەیەک بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دراوە ئەوەش بەو واتایە دێت دابەشکردنی مووچە لە مانگانەوە بۆ وەرز گۆڕاوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی٧ڕۆژ تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر بەشێک لەو مەرجانە نیشان نەداوە کە بەغدا بۆ رەوانەکردنی مووچە دیاری کردوون.
شاندە هاوبەشەکانی هەردوولا لە گفتوگۆی بەردەوامدان و هێشتا نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتنێکی یەکجاری.
لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سێ مەرجی بڕیاری رەوانەکردنی مووچەی مانگی شەش درا بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ ناردنی پارە لە بەغداوە نەنراون.
بە گوێرەی خشتەی کارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سبەی سێ شەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە بەڕێوەدەچێت بەڵام پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەخراوەتە بەرنامەی کارەکانیەوە.
پێشبینی دەکرێت هاوشێوەی دوو کۆبوونەوەی رابردوو لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا پرسی مووچە باس بکرێتەوە ئەگەر بڕیارێکی نوێ دەرنەکرێت کاری لیژنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن درێژ دەکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە مانگی هەشت بەرەو کۆتا دەڕوات، مووچەخۆرانی حکوومەتی فیدڕاڵ مووچەی ئەم مانگەیان وەرگرتووە، کەچی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی شەش یان پێ نەداون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان نە ئامادەیە مەرجەکانی بەغدا جێبەجێ بکات نە لەو داهاتەی کە لە فرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆوە دەستی دەکەوێت مووچە دابین بکات، ئەوەش مووچەخۆران لە قەیرانێکی سەختدا هێشتوەتەوە.
بەهۆی پێ نەدانی مووچەکانیان، فەرمانبەرانی هەرێم لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان دەستیان بە مانگرتن و بایکۆتی دەوام کردوە، بەڵام پێچەوانەی رابردوو بە بێدەنگی ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەدەبەن.
بایکۆتەکە نەخۆشخانە و فەرمانگەکانی کەرتی تەندروستیشی گرتوەتەوە، پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ دەستپێکی دەوامی نوێی خوێندن مامۆستایان بایکۆتەکە لە بێدەنگەوە بۆ چالاکی مەدەنی سەر شەقامەکان بگوازنەوە.
|