"بافڵ تاڵەبانی خۆی بڕیاری هێرشی داوەو مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ئاگادارنەبوون"

2025-08-24  623 جار خوێنراوەتەوە

"بافڵ تاڵەبانی خۆی بڕیاری هێرشی داوەو مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ئاگادارنەبوون"

ڕۆژنامە جیهانیەکان چۆن باسی ڕووداوو هێرشەکەی سەر لالەزار دەکەن؟

٧ڕۆژ

رۆژنامەی "العربی الجدید بڵاویکردۆتەوە:
هاوکێشە سیاسی و ئەمنییە ئاڵۆزەکەی هەرێمی کوردستان، دوو هێزی پێشمەرگە و دوو هێزی ئاسایشی سەپاندووە، دەسەڵات لە سلێمانی نیمچە سەربەخۆیە لە هەولێر.

 ئەمریکا و فەرەنسا لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا هەوڵی زۆریان داوە بۆ یەکخستنی هەردوولایان لە رووی ئەمنی و ئیدارەییەوە، بەڵام ئەمە بەدی نەهاتووە.

بافڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەکەی جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠١٧ کۆچی دوایی کرد، رێوشوێنی چڕی ئەمنی و سیاسی لە سلێمانی سەپاندووە، ئەوەش بەشێکە لە هەوڵێک کە چاودێران دەڵێن، ئامانجی قۆرخکردنی گۆڕەپانی سیاسییە لە چنگی خۆیدا، ئەگەر لەڕێی هێزیشەوە بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا جەماوەری حزبەكە کەمیکردووەو جیابونەوە لێی زیاتر بووە.

 بافڵ تاڵەبانی بە هاوپەیمانێکی جێی متمانەی ئێران و گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران دادەنرێت، بەتایبەت گروپی عەسائیب ئەهلی هەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و بابلیون بە سەرۆکایەتی رەیان ئەلکیلدانی.

بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، زۆربەی ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادە نين لەبارەی رووداوەكانی سلێمانی هیچ لێدوانێک بۆ رۆژنامەنووسان بدەن، بەڵام یەکێکیان بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت بۆ رۆژنامەكە قسەیكردو وتی: زۆربەی ئەندامانی حزب سەریان سوڕما لە بڕیاری هێرشکردنە سەر بارەگاکەی لاهور شێخ جەنگی لە گەڕەکی سەرچنار لە ناوەڕاستی سلێمانی.

 بەو پێیەی پێشتر هیچ نیشانەیەکی پێکدادان نەبووە، ئەوەش مانای وایە بافڵ تاڵەبانی خۆی ئەو بڕیارەی داوە، بەبێ ئەوەی راوێژ بە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی بکات.

رونیشیکردەوەتەوە: بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت ژیانی سیاسی لە سلێمانی کۆنتڕۆڵ بکات، بەتایبەتی کە پێشتر سەرۆکی نەوەی نوێی لە دیمەنی سیاسی دوورخستەوەو بەرهەم ساڵحی پەراوێزخست كە سەرکردەیەکی دیارە، بەوەش تەنها بافڵ و چەند هاوڕێیەكی ماونەتەوەو دەیانەوێت بەتەنها لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.

دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی دوای چەند رۆژێک هات لە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەكە كەوتوون، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشوو و هەندێک سەرکردەی پێشووی حزبەکە، لەنمونەی ئاڵا تاڵەبانی و مەلا بەختیار ئاگادارکراونەتەوە بەوەی دەکرێنە ئامانج ، ئەگەر هەر جوڵەیەكی نوێ بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڵمەتەكانی بافڵ تاڵەبانی لەدژی نەیارەکانی لە شاری سلێمانی ئەنجام بدەن.

♦️ رووداوەكانی سلێمانی بەرجەستەكردنی ئەو وتەیەیە كە دەڵێت شەڕی كورد كۆتایی نایەت"

هاوکات رۆژنامەی "الشرق الاوسط" بڵاویکردۆتەوە لەکاتێکدا وا دەردەکەوێت بافڵ و قوباد، هەردوو کوڕەكەی سەرۆکی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی، لە رێگادابن  بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی سیاسی و ئەمنی بەسەر پارێزگاری سلێمانیداو، هێشتنەوەی وەک ناوچەیەکی هەژمون بۆ حزبەکەیان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) دوای دورخستنەوەی لاهور شێخی ئامۆزایان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.

 سەرچاوە کوردییەکان گومانيان هەیە لەوەی بتوانن ئەم کارە بكەن، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لاهور شێخ جەنگی و شاسوار عەبدولواحید لە شارەکەدا، لایەنگرێكی رێژەیییان هەیە، بەتایبەت دووەمیان خاوەنی (8) کورسی پەرلەمانی فیدراڵییە و  (15) کورسی لە کۆی (100) کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی هەیە.

جگە لە بەربەستی شێخ جەنگی و عەبدولواحید، رەنگە هەڵوێستێک لە لایەن "سەرکردە مێژووییەکانی" یەکێتیەوە دەربکرێت، کە قسە لەسەر ئەو رووداوە خوێناویيانە بکات کە لە سلێمانی روویانداو، ئەوةش رەنگە ئاستەنگ بۆ دەسەڵاتی بافڵ تاڵەبانی دروست بکەن.

بەڵام هەندێك سەرچاوەی دیکه پێیانوایە،  پارسەنگی هێز بەلای كوڕەكانی تاڵەبانیدایە بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆیان له سلێمانی، بەتایبەتی که روخساری ململانێ سیاسیەكە رێگایەكی یاسایی بۆ رەخسێنراوە.

توێژەرێکی ئەمەریکی بە رۆژنامەکە دەڵێ، ئەوەی لە سلێمانی روویدا بەرجەستەکردن و درێژکردنەوەی راستەقینەی ئەو وتەیەیە كە جەنگەكانی كورد كۆتاییان نایەت، بەڵام ئەمجارە شەڕێک نییە دژی دوژمنانی عەرەب، فارس، یان تورک بۆ مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکان، بەڵکو شەڕی نێوان ئامۆزاکانە.

هاوكات "کیفاح مەحمود" لێکۆڵەری کاروباری کوردی پێی باشە کەمێک زیاتر چاوەڕوانی ئەنجامی یەكلاكەرەوەی ململانێ خوێناوییەکەی نێوان ئامۆزاکان بكرێت. 

مەحمود پێیوایە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئامانجەکانی خۆی لە سنوردارکردنی هەژمونی شێخ جەنگی و هاوەڵەکانی بەدیهێنا، ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر هەیکەلی حزبە تازە لە دایكبوەكەی، کە خاوەنی پێگەیەكی بەهێز نییە لەناو شاری سلێمانی.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە