کاری سیاسی ئۆجەلان و چارەنووسی ئەندامانی پەکەکە چی دەبێت؟
2025-03-01
364 جار خوێنراوەتەوە
توێژەر و مافناسێک دەڵێت، پەکەکە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی، لە داهاتوویەکی ''زۆر نزیکدا'' کۆنگرەی خۆی دەبەستێت. کەسایەتییەکی ئەکادیمیش دەڵێت، ''پەیوەندیی نێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا باش دەبێت''.
عەلی دوران تۆپوز، توێژەر و مافناس، لەبارەی پەیامی ئاگربەستی پەکەکە رایگەیاند: ''تورکیاش ناچارە بە ئاگربەستەکەوە پابەند بێت''.
عەلی دوران تۆپوز وتی، لە بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا هیچ مەرجێک نابینرێت و ''تورکیا ترسی هەبوو کە پەکەکە پابەندی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەبێت''.
ئەمڕۆ کۆمیتەی رێڤەبەری پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوە کرد، لەوانەیە ئەو ڤیدیۆیەی کە دەگوترێت ئۆجەلان بانگەوازەکەی تێدا تۆمار کردووە، "بۆ کۆنگرەی پەکەکە بنێردرێت و پێم وایە هەشتی ئەم مانگە یان 21ـی مانگ، ئۆجەلان لە رێگەی ڤیدیۆوە دەبینین''.
''پەکەکە تاوەکو نەورۆز کۆنگرە دەبەستێت''
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. رێڤەبەریی پەکەکەش رایگەیاند: "بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە رێبەر ئاپۆ خۆی کۆنگرەکە بەڕێوەببات."
بەوتەی عەلی دوران تۆپوز، ''بەستنی کۆنگرەی پەکەکە زۆر ناخایەنێت و تاوەکو 21ـی مانگ کە نەورۆزە، دەبەسترێت''.
چارەنووسی ئەندامانی پەکەکە چی دەبێت؟
بەرچاوترین خاڵی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چەکدانان و هەڵوەشانەوەی ئەو پارتەیە کە خۆی رێبەری دەکات. لە راگەیێندراوەکەی رێڤەبەریی پەکەکەدا هاتووە: ''زۆر گرنگە کە بانگەوازەکە لە هەموو بارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت.''
ئەو توێژەر و مافناسە لەبارەی چارەنووسی ئەندام و بەرپرسانی پەکەکە دەڵێت، بەرپرسان و ئەو ئەندامانەی چەکیان پێیە و شەڕیان کردووە ناتوانن بگەڕێنەوە تورکیا؛ وتیشی: ''ئێمە دەزانین هەرێمی کوردستان لەنێو پڕۆسەکەدایە (پڕۆسەی ئاشتی)، بۆیە لەوانەیە بەشێک لە بەرپرسان و چەکدارانی پەکەکە لە باشووری کوردستان بمێننەوە".
''چەکدانانی پژاک بۆ تورکیا بابەتێکی گرنگ نییە''
خوێندنەوەی جیاواز بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکرێت کە چەکدانان کامە پارت و لایەنی نزیک لە پەکەکە دەگرێتەوە. عەلی دوران تۆپوز پێیوایە، دیار نییە بانگەوازی چەکدانان پارتی ژیانەوەی کوردستان (پژاک) کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکە دەگرێتەوە یان نا، ''بەڵام تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم کە بۆ تورکیا بابەتێکی گەورە نییە.''
پەکەکە خاوەندارێتی چەندین کەناڵی تەلەڤزیۆنی دەکات کە لە رێگەیانەوە بانگەشەی بزووتنەوەکەی دەکات، ئەوە جگە لە چەندین رۆژنامە و ماڵپەڕ. ئەو توێژەرە وتی، دوای هەڵوەشانەوەی پارتەکە، ئەو راگەیاندنانەی لای تورکیا ناسروان، ناتوانن بە ناوی پێشوویانەوە کار بکەن.
باڵەخانەیەکی نوێ لە ئیمراڵی دروست دەکرێت
لە بەشێکی قسەکانیدا عەلی دوران تۆپوز ئاماژەی بەوە کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەنیا دەستی لە چەک بەرداوە، بەڵام لەسەر سیاسەتکردن بەردەوام دەبێت.
بەگوتەی ئەو توێژەرە، رێگەی سیاسەتکردن لە بەردەم عەبدوڵڵا ئۆجەلان کراوەتەوە و رایگەیاند: ''ئەو بانگەوازە خۆی سیاسەتێکی گەورە بوو؛ پێشتر پەکەکە بە نهێنی رێکخرابوو. بەڵام ئێستا هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نەوەک تەنیا لەنێو تورک و کورد، بەڵکو لە هەموو راگەیاندنەکان باسی دەکرێت.''
عەلی دوران تۆپوز لەبارەی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، بەم زووانە ئازاد ناکرێت، بەڵام ''لەوانەیە لە داهاتوودا بە پێی سیستمێکی نوێ دیداری خێزانی، سیاسی و یاسایی هەبێت. بیستوومە ئێستا لە ئیمرالی باڵەخانەیەکی نوێ بۆ ئەم دیدارانە دروست دەکەن.''
''پەکەکە کۆنگرە دەبەستێت''
هاوکات د. وەهاب جۆشکون، کەسایەتیی ئەکادیمی و ئەندامی پێشووی دەستەی عاقڵمەندان لەبارەی پەیامەکەی پەکەکەوە بە میدیای پارتی وت: ''پەیامێکی زۆر گرنگە و پێم وایە بەستنی کۆنگرەی پەکەکە کاتێکی زۆ نەخایێنێت بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان جێبەجێ بکەن.''
لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، چاوەکان لەسەر تورکیان بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی دەربڕێت، وەهاب جۆشکون وتی: ''بەر لە هەر شتێک، پێویستە شەڕ دروست نەبێت بۆ ئەوەی چەک بۆ هەمیشە وەلا بنرێت. پێویستە ئامادەکاریی یاسایی بۆ چارەنووسی ئەندامانی پەکەکە بکرێت.''
بەوتەی ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییە، زیاتر لە ساڵێکە دانوستاندنی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە و رۆژئاوای کوردستان هەیە و بەر لە دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش ئامادەکاریی تەواو کرابوو.
''کورد لە سووریا چەک دانانێت''
هەر دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند: "بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئێمە نەبوو، بەڵکو بۆ پەکەکە بوو''. وەهاب جۆشکون لەوبارەوە گوتی: ''تورکیا دەزانێت کە ئێستا کوردی سووریا ناتوانن چەک دابنێن، چونکە لە دۆخێکی باشدا نین.''
وتیشی، ئێستا لەسەر پرسی جیاجیا لەنێوان تورکیا و پەکەکە، تورکیا و ئەمریکا، بەڕێوەبەریی خۆسەر و دیمەشق دانوستاندن هەیە و تاوەکو ئەو دانوستاندنانە تەواو نەبن، ئەگەری ''زۆر کەم''ـە کورد لە رۆژئاوای کوردستان چەک دابنێت.
''پەیوەندیی نێوان کوردانی سووریا و دەوڵەتی تورکیا باش دەبێت''
تورکیا پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و باڵی سەربازییەکەی واتا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە پاشکۆی پەکەکە دەزانێت کە لایەنی سەرەکیی پێکهێنەری هێزەکانی سووریای دیموکراتن و داوا دەکات ئەوانەی سەر بە پەکەکەن چەک دابنێن و سووریا جێبهێڵن.
ئاڵۆزیی نێوان تورکیا و هەسەدە لەکاتێکدایە، سووریا بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە کورد بۆ بەشداربوون لە بەڕێوەبەریی داهاتوو خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق ئامادە بکات. ئەو کەسایەتییە ئاکادیمییە باسی لەوە کرد، دواجار تورکیا بەشداریی کورد لە داهاتووی سیاسی و بەڕێوەبەریی سووریا و رۆژئاوای کوردستان قبووڵ دەکات.
وەهاب جۆشکون رایگەیاند، کاتێک پەکەکە نەمێنێت، ئەو رێگرییەش لەلایەن تورکیاوە نامێنێت و رایگەیاند: ''کاتی خۆی تورکیا دژی هەرێمی کوردستانیش بوو، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکی باشیان هەیە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆر، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هاوشێوەی پەیوەندیی تورکیا و هەرێمی کوردستان، تێکەڵبوونی تورکیا و کوردی سووریاش دەبینین.''
|