کابینەکەی پارتی و یەکێتی کەی پێک دەهێنرێت؟
2025-02-25
217 جار خوێنراوەتەوە
زیاتر لە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕبووە و تا ئێستا پارتی و یەکێتی هەر خەریکی شاند گۆڕینەوەن و نەک هەر نەیانتوانیوە کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنن بەڵکو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیشیان بۆ هەڵنەبژێردراوە
لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار لە نێوان هەردوو حیزبەکەدا ئەنجام دراون بەڵام هێشتا کۆبوونەوە دەدەنە دەست کۆبوونەوە و نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
بە گوێرەی بەیاننامەی دوایین کۆبوونەوەیان بڕیاریانداوە بەردەوامی کۆبوونەوەکانیان بدەن بێ ئەوەی خشتەیەکی زەمەنی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دیاری بکەن.
لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەسەر پرۆژەی هەژماری من دەردەکەوێت کە خواستی نەرمی نواندنیان بەرانبەر بە پارتی هەیە و دەیانەوێت بگەنە رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی کابینەکە، کە ئەوە پێچەوانەی ئەو هەڵوێستانەیە لە سێ ساڵی رابردوودا بەرانبەر ئەو حیزبە هەیانبووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان پارتی و یەکێتی جگە لە کۆتاکانیان ٦٣ کورسیان بەدەست هێناوە باقی ٢٧ کورسی دیکە بە دەست لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبەوەن بەڵام بەرانبەر هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای ئەوەی نزیک بە سێ مانگ بەسەر یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان تێپەڕبووە، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ فشار خستنە سەر پارتی و یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەنراوە لە کاتێکدا بۆ پرسەکانی دیکە و موزایەدەی سیاسی پەنا بۆ دادگای فیدڕاڵی دەبەن.
پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی چەک بەدەستی کوردستان تا ئەو کاتەی دڵنیانەبوون کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی ئەوان کۆتایی دێت ئامادەنەبوون بچنە هەڵبژاردنەکەوەو، زیاتر لە دوو ساڵ هەڵبژاردنیان دواخست.
ئێستاش وەک شارەزایان پێشبینی دەکەن تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییە دارایی و سیاسییەکانیان لە کابینەی داهاتوو مسۆگەر نەبن ئامادەنین حکوومەت پێکبهێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا رووداوە هەرێمییەکانی ئەم دواییە و پاشەکشەی ئێران و گرووپەکانی لە ناوچەکە کاریگەی لەسەر ئەو دوو حیزبەش دروستکردووەو پێداچوونەوەیان بە خواست و مەرجەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردووە.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|