پەیامەکەی ئۆجەلان ئاشبەتاڵی بوو یان دەستپێکی پڕۆسەیەکی ئاشتەوایی؟
2025-02-27
209 جار خوێنراوەتەوە
"داوا لە پەكەكە دەكەم خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".
"بەرپرسیارێتی چەكدانان لە ئەستۆ دەگرم"
ئەمە ناوەڕۆکی ئەو پەیامەیە کە عەبدوڵلا ئۆجەلان رێبەری زیندانی کرای پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی کوردستان بلاویکردەوە.
پەیامەکەی ئۆجەلان هەرچەند بڕیار وابوو بە شێوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوبکرێتەوە بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا رێگەیان نەدا و تەنیا لەلایەن نوێنەرەکانیەوە خوێندرایەوە.
کاردانەوەکانی پەیامەکە جۆراوجۆرن بەشێک لە هاووڵاتیان و سیاسییەکان دژی پەیامەکەن و لە بەرانبەریشدا بەشێکیان پێشوازی لێ دەکەن.
ئەوەی لە پەیامەکەدا روون نیە، ئەو مەرج و داواکارییانە چین کە لە بەرانبەر جێبەجێ بوونی ناوەڕۆکی پەیامەکە بۆ گەلی کورد لە باکوری کوردستان دەستەبەر دەبن.
بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەستەمە پەیامەکە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەو پییەی ئۆجەلان ماوەی ٢٦ سالە لە پەکەکە دوور کەوتووەتەوە و دوور نیە بەرپرسانی پەکەکە ئامادەبن بە دەم پەیامەکەوە بچن چونکە ئەوەی داواکراوە زیاتر لە تەسلیم بوون دەچێت تا لە پڕۆسەی ئاشتی.
جیا لەوە باسی ئەوەش دەکرێت، بەوپێیەی ئۆجەلان لە زینداندایە و ماوەیەکی زۆرە لە ژێر گوشار و فشاری جیاوازی تورکەکان بووە، دەکرێت پەیامەکەی دەرهاویشتەی ئەو فشارانە بێت کە لە ماوەی ٢٦ ساڵی زیندانی کردنیدا خرابێتە سەری.
تورکەکان یەکەمجاریان نیە کە لە ژێر ناوی پرۆسەی ئاشتیدا گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئۆجەلان دەست پێ دەکەنەوە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ ەوە تا ئێستا دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکەکان چەند جارێک سەرپەرشتی پرۆسەی ئاشتییان لە باکووری کوردستان کردووە.
دیارترینیان کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ بوو، لەو پرۆسەیەدا تورکەکان کشانەوە و شەڕی پەکەکەیان دەست پێکردەوە، میت لە ماوەی پرۆسەی ئاشتیدا توانی تەواوی تۆرە نهێنییەکانی پەکەکە لە شارەکانی باکوری کوردستان ئاشکرا بکات بەوەش زیانێکی کەمەرشکێنی گەورە بەر پەکەکە کەوت.
بە لێکدانەوە لەو گفتوگۆیانەی کە لە ماوەی رابردوودا لە نێوان تورکەکان و ئۆجەلاندا هەبوە، ئیستا گومان دەکرێت تورکیا جددی بێت لە پرۆسەی ئاشتی وخواستی ئەوەی هەبێت پابەند بێت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانەوە.
هەر بۆیە پێشبینی ناکرێت پەکەکە، هاوشێوەی رابردوو پابەندی پەیامەکەی ئۆجەلان بێت و لە چاوتروکانێکدا چەکەکانی دەستیان رادەست بکەن.
هاوکات میدیاکانی پەکەکە بە زارەکی قسەیەکی ئۆجەلانیان لەزاری نوێنەرەکانیەوە گواستوەتەوە کە پێی وتوون، بێگومان بۆ ئەوەی لە پراکتیکدا چەک دابنرێت و پە*کە*کە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پێویستە سیاسەتی دیموکراسیی و یاسایی بڕەخسێندرێت.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|