سەدان هەزار فەرمانبەری هەرێم لە کوێ زەوییان پێ دەدرێت؟
2025-02-26
237 جار خوێنراوەتەوە
سەدان هەزار فەرمانبەری هەرێم لە کوێ زەوییان پێ دەدرێت؟ داهاتی حکوومەت لە دابەشکردنی ئەو زەوییانە چەند دەبێت؟
لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێم دوای ساڵانێک لە راگرتنیی، دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیاندا دەستی پێ کردەوە، بەوەش سەدان هەزار فەرمانبەر بڕیارە زەوییان پێ بدرێت بەڵام نازانرێت لەکوێ.
سەرەڕای ئەوەی ناو بە ناو وەزارەتەکان ناوی ئەو فەرمانبەرانە بڵاودەکەنەوە کە زەییان پێ دراوە بەڵام شارەوانییەکان گیرۆدەی نەبوونی شوێنی پێویستن بۆ دابەشکردنی زەوییەکان.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ، هەر پارچە زەوییەک لە هەر شوێنێک بێت بڕی ملیۆنێک تا ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار دینار داهات بۆ حکوومەت فەراهەم دەکات ئەگەر نیوەی ئەو فەرمانبەرانەی بڕیاری پێدانی زەوییان بۆ دەرچووە زەوییەکانیان وەربگرن ملیارەها دینار داهات دەستی حکوومەت دەکەوێت.
ئەمە جیا لەوەی ئەو ناوچانەی بۆ دابەشكردنی زەوییەکان دەست نیشانکراون، ناوچەی دوورە دەست و بێ خزمەتگوزارین کە پێشبینی دەکرێت لە ١٠ ساڵی داهاتووشدا هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێ نەگات بەوپێیەی لەناو شارەکاندا ناوچەی نزیکتر لەو زەوییانە هەیە و هێشتا خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابین نەکراوە.
لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاندبوو، ناوی پەنجا هەزار فەرمانبەری سنووری شارەوانییەکەی گەڕاوەتەوە بەڵام زەوییان نیە بەسەریاندا دابەشی بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرجەم زەوییە نایاب و نزیکەکانی ناو شارەکان بەسەر کوڕە بەرپرس و پڕۆژە بازرگانییەکانی دەستڕۆیشتوەکاندا دابەشکراون.
زەوییەکانی دەورووبەری سلێمانی زۆرینەیان دراونەتە کۆمپانیای دەستڕۆیشتوان، بەشێکی گەورەی ئەم زەویانە کراونەتە کۆگا و بەپارەیەکی زۆر بە سەر بازرگاناندا ساغی دەکەنەوە.
کردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی کۆگا وایکردووە دەروازەکانی سلێمانی بە جەمەلۆن دابپۆشرێن و سیمایەکی ناشارستانی پێ ببەخشێت.
ئەم مۆدێلە لە پێدانی زەوی بە کوڕە بەرپرس و دەستڕۆیشتوەکانی پارتی و یەکێتی تەنیا لە سلێمانی نیە بەڵکو لەسەرجەم شارە گەورە و بچووکەکانی هەرێم دووبارە بووەتەوە، بە تایبەت لە هەولێر و دهۆک.
ئێستا مامۆستایان و فەرمانبەران لە چاوەڕوانی وەرگرتنی پارچە زەوییەکدان کە بتوانن خانووی خۆیانی لەسەر دروست بکەن بەڵام پێناچێت لەماوەی تەمەنی فەرمانبەری خۆیاندا ئەوە بەچاوی خۆیان ببینن.
|