تاوەكو دێت داهاتووی ڕۆدریگۆ نادیارتر دەبێت

2025-07-22  221 جار خوێنراوەتەوە

داهاتووی ڕۆدریگۆی بەڕازیلی لە یانەی ڕیال مەدرید تاوەكو ئێستا نادیارە، بەو پێیەی یاریزانەکە لە کاتی جامی جیهانی یانەکاندا خولەکی پێویستی وەرنەگرت لە سەردەمی ڕاهێنەر چابی ئەلۆنسۆ، ئەمەش قسە و باس لەسەر شوێنی مەبەستی وەرزی داهاتوو دروست دەکات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئاس"ی ئیسپانی، یانەی ڕیال مەدرید تاوەكو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی ڕۆدریگۆی پێنەگەیشتووە، بەڵام ڕەنگە لە کۆتا ڕۆژەکانی گواستنەوەی هاوینەدا ئۆفەرەکان دەربکەون.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لیڤەرپوڵ بووەتە ئەو یانەیەی زۆرترین ئارەزووی گواستنەوەی ئەو ئەستێرە بەرازیلییەی هەیە و ئارسناڵی تێپەڕاندووە، بەو مەرجەی لەم هاوینەدا لویس دیازی باڵی کۆڵۆمبی بفرۆشن.

ڕۆدریگۆ لە ئێستادا چێژ لە پشووی هاوینەی خۆی وەردەگرێت و بڕیارە تاوەكو 4ی ئاب پەیوەندی بە مەشقەکانی ڕیاڵ مەدریدەوە بکات، بەڵام یاریزانە تەمەن 24 ساڵەکە حەز دەکات توانای جەستەی خۆی بپارێزێت، تەنانەت لە پشووەکانیشدا بەردەوام دەبێت لە ڕاهێنانەکانی بە توندی.

ڕۆدریگۆ گرتە ڤیدیۆییەکانی مەشقەکانی لە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەو ڕاکردنانە لە شەوانی کۆتایی هەفتەدا"، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ سەلماندنی توانای خۆی و ڕازیکردنی ئەلۆنسۆ پێش ئەوەی پەنجەرەی گواستنەوەکان دابخرێت.

لای خۆیەوە یانەی ڕیال مەدرید لەکاتی ڕۆیشتنی ڕۆدریگۆ دەرگاکە داناخات، بەڵکو مەرجی ئەوە داناوە کە دەبێت ئۆفەرێکی دارایی گەورە وەربگرێت کە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە بە ڕۆیشتنی یاریزانەکە بدات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە