گرێبەستە خەیاڵییەکەی لیڤەرپوول تەنیا راگەیاندنی ماوە

2025-07-22  171 جار خوێنراوەتەوە

یانەی لیڤەرپوول لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستێکی گرانبەها نزیکبووەتەوە و هوگۆ ئێکیتیکێ لە یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانییەوە دەباتە ریزەکانی.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا، یانە ئینگلیزییەکە هەموو وردەکارییەکانی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو یاریزانە تەواو کردووە و هێرشبەر فەرەنسییەکە بۆ شەش ساڵ دەباتە ریزەکانی.
 
بەپێی زانیارییەکان، وردەکارییەکانی گرێبەستی هوگۆ بەمشێوەیەیە، گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2031 دەبێت، مووچەی ساڵانەی 15 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، گرێبەستەکە بەرامبەر 90 ملیۆن یۆرۆ و 5 ملیۆن یۆرۆ وەکو گۆڕانکاری لەنێوان هەردوو یانەدا رێککەوتنی لەسەر کراوە.
 
گواستنەوەی یاریزانەکە لەلایەن یانە ئینگلیزییەکەوە لەکاتێکدایە، لیڤەرپوول لە ماوەی رابردوودا هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ئەلیکساندەر ئیساک واژۆبکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
 
هوگۆ ئێکیتیکێ دەبێتە چوارەم گرێبەستی گواستنەوەی ئەم هاوینەی یانەی لیڤەرپوول، دوای گواستنەوەی هەریەکە لە فلۆریان ڤیرتز، جێریمی فریمپۆنگ و میلۆش کێرکێز.
 
گرێبەستکردن لەگەڵ هوگۆ لەلایەن لیڤەرپوولەوە لەکاتێکدایە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، یانەکە دەستبەرداری هەریەکە لە داروین نونێز و لویس دیاز دەبێت بۆ ئەوەی لیستەکەی بەتەواوی بۆ وەرزی نوێ ئامادەبکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە