مێسی لە یانەیەکی ئەورووپی نزیکدەبێتەوە

2025-07-22  164 جار خوێنراوەتەوە

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، یانەیەکی ئیتاڵی بۆ گواستنەوەی لیۆنێل مێسی لەسەر هێڵە و بۆ ئەوەش دەیەوێت سوود لە پەیوەندیی بەهێزی راهێنەرەکەی لەگەڵ لیۆ وەربگرێت.
 
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان هەواڵێکی چاوەڕواننەکراویان لەبارەی داهاتووی مێسی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، یانەی کۆمۆی ئیتاڵی دەیەوێت بۆ ماوەی شەش مانگ بەشێوەی خواستن گرێبەست لەگەڵ مێسی واژۆ بکات ئەوەی یاریزانەکە لەو یانەیەدا خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 ئامادەبکات.
 
یانە ئیتاڵییەکە دەیەوێت بۆ رازیکردنی مێسی، سوود لە بەهێزیی پەیوەندیی ئەو یاریزانە لەگەڵ سێسک فابریگاس، راهێنەری یانەکە وەربگرێت کە پێشتر لە یانەی بارسێلۆنا بەیەکەوە کاریانکردووە.
 
جگە لەوەش شاری کۆمۆ شوێنێکی ئارام و گونجاوە بۆ مانەوەی مێسی و بوونی دەریا و کەشێکی ئارام و سەرنجڕاکێش هاندەرە بۆ ئەوەی لیۆ رازیبێت پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات.
 
بەپێی سەرچاوەکان، مێسی دەیەوێت لەسەرەتای ساڵی 2026 بەهۆی وەستانی خولی ئەمریکا، پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، بۆ ئەوەی بەتەواوی بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئامادەبێت.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە ماوەیەکی زۆرە ناوی مێسی بە خولی سعودی بەستراوەتەوە و بەرپرسانی سندووقی وەبەرهێنانی سعودی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە رازیبکەن پەیوەندی بە خولەکەوە بکات.
 
گرێبەستی مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی لە کۆتایی ئەم ساڵ کۆتایی دێت، تاوەکو ئێستا یاریزانەکە بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەداوە.
 
نزیکەکانی لیۆنێل مێسی دەیانەوێت باشترین بژاردە بۆ مێسی هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بە ئارامی و دوور لە جەنجاڵی خۆی بۆ مۆندیالی داهاتوو ئامادەبکات، کە دەکرێت دوایین وێستگەی یارییکردنی بێت بەدرێسی ئەرجەنتینەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە