کێ ژمارە 10ـی ریال مەدرید وەردەگرێت؟

2025-07-22  189 جار خوێنراوەتەوە

لە دوای رۆیشتنی لوکا مۆدریچ، لە یانەی ریال مەدرید پرسیارێکی سەرەکی هاندەرانی یانەکەی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئەویش ئەوەیە وەرزی داهاتوو کێ درێسی ژمارە 10 دەپۆشێت؟
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە پێشهاتێکی نوێدا لەبارەی ژمارە 10ـی ریال مەدرید لە وەرزی داهاتوودا نووسیوویەتی "ژمارە 10ـی ریال مەدرید، درێسەکە چاوەڕێی میراتگرێک دەکات."
 
رۆژنامەکە نووسیوویەتی، لەو کاتەوەی لوکا مۆدریچ لە ریال مەدرید رۆیشتووە، ژمارە 10 بەبێ خاوەن ماوەتە، ئێستا هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ و ئاردا گولەر کاندیدن بۆ ئەوەی ئەو ژمارەیە وەربگرن و وەرزی داهاتوو بەو ژمارەیەوە بچنە نێو رکابەرییەکی نوێ.
 
رۆژنامەی مارکا دەڵێت "ئێمباپێ پێگەیەکی سیمبولیی هەیە، لە فەرەنسا بە ژمارە 10 یاری دەکات، بەڵام لە ریال مەدرید درێسی ژمارە 9ـی هەڵبژارد و داوای گۆڕینی نەکردووە"، بەڵام کاتێک ئێمباپێ چووە یانەی شاهانە مۆدریچ هێشتا یاریزانی یانەکە بوو  دەکرێت لەبەر رێزگرتن بۆ ئەستێرە کرواتییەکە داوای ئەو ژمارەیەی نەکردبێت.
 
هەرچی ئاردا گولەرە، یاریزانەکە لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات، مۆدریچ متمانەیەکی زۆری بەو یاریزانە هەیە و درێسەکەی بە دیاری دایە ئەو یاریزانە، پێشتریش میدیای ئیسپانیا بڵاویکردبووەوە، ئاردا گولەر لە وەرزی نوێدا درێسی ژمارە 10ـی ریال مەدرید دەپۆشێت.
 
درێسی ژمارە 10 لە هەموو یانەکاندا تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەدرێتە باشترین یاریزانەکان، بەتایبەت لە یانەیەکی وەکو ریال مەدرید ژمارەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەرگرتنی ئەو ژمارەیە بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە