وەزیری نەوتی عێراق کێشەی سەرەکیی هەناردە نەکردنی نەوتی هەرێم ئاشکرادەکات

5   کاتژمێر پێش ئێستا  333 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، کێشەی سەرەکیی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕی بەکاربردنی نێوخۆییە. دەشڵێت، "عێراق رۆژانە 300 هەزار بەرمیل لە پشکی ئۆپیک بەهۆی هەرێمـ[ـی کوردستانـ]ـەوە زیانی پێ دەگات."
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق لەبارەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە رایگەیاند، "حکومەتەکانی فیدراڵی و تورکیا ئامادەن، بەڵام چاوەڕێی رادەستکردنی نەوتەکەن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە."
 
وتیشی، "یاسای بودجە، هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆ، بە مەبەستی هەناردەکردنی لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ خێراکردنی پرۆسەکە، یاسای بودجە هەموار کرایەوە و بڕیاردرا 16 دۆلار وەکو پێشەکی بۆ هەر بەرمیلێکی بەرهەمهێندراو بدرێتە هەرێمی کوردستان. گوتیشی، "ئەم رێککەوتن و هەموارکردنەوەیە خرایە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەزامەندیی هەموو لایەنەکانی لەسەر بوو، چونکە لە پەرلەمان خرایەڕوو و هەموو ئەندامانی پەرلەمان رەزامەند بوون."
 
سەبارەت بە هۆکاری جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکە، وەزیری نەوتی عێراق وتی، "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە کە بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، بڕی پاڵاوتن یان بەکاربردنی نێوخۆیی بە 46 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا خەمڵێندرا، بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەو بڕە 65 هەزار بەرمیل بێت، ئەمەش پێشێلکاریی یاسای بودجەیە."
 
ڕاشیگەیاند، "ئێمە وەکو حکومەتی فیدراڵی، لایەنی تورکی و لایەنی کوردیمان ئاگادار کردووەتەوە کە ئامادەین بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتە و هەناردەکردنی. لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیاش کۆبوومەتەوە و تورکیا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بەڵام چاوەڕێی ئەوەین براکانمان لە هەرێم ئەو بڕە نەوتە رادەست بکەن."
 
وەزیری نەوتی عێراق وتی، "حکومەتی فیدراڵی ئێستا نزیکەی 300 هەزار بەرمیل زیان دەکات، چونکە ئەو بڕەی لەلایەن هەرێمەوە بەرهەم دێت، لەسەر پشکی عێراق لە ئۆپیک هەژماردەکرێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی سوودی لێوەرناگرێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە