چوار یاریزان لە مۆندیالدا گۆڵکارن، یاسا کامیان هەڵدەبژێرێت؟
6 کاتژمێر پێش ئێستا
37 جار خوێنراوەتەوە
رکابەری لەسەر نازناوی گۆڵکاری جامی جیهانیی یانەکان گەیشتووەتە لووتکە، لە کاتێکدا چوار ئەستێرە بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە دەکەن. دەرکەوتنی گۆنزالۆ گارسیا وەک ئەستێرەیەکی نوێی ریال مەدرید، درامایەکی نوێی بەم رکابەرییە بەخشیووە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، کاتێک ژمارەی گۆڵەکانی چەند یاریزانێک لە کۆتاییدا یەکسان دەبن، ئەوکات فیفا پشت بە چ یاسایەک دەبەستێت بۆ دیاریکردنی براوەی کۆتایی؟
رکابەرییەکە چۆنە؟
تاوەکو ئێستا چوار یاریزان لە پێشەنگی گۆڵکاراندان، بەڵام تەنیا یەکێکیان لە پاڵەوانێتییەکەدا ماوەتەوە. ئەمەش داتای نوێی یاریزانەکانە:
گۆنزالۆ گارسیا (ریال مەدرید): 4 گۆڵ، 1 ئەسیست، 379 خولەک یاریکردن (ماوەتەوە).
مارکۆس لیۆناردۆ (هیلال): 4 گۆڵ، 1 ئەسیست، 469 خولەک یاریکردن (لە پاڵەوانێتییەکە کراوەتە دەرەوە).
ئەنخێل دیماریا (بەنفیکا): 4 گۆڵ، 0 ئەسیست، 374 خولەک یاریکردن (لە پاڵەوانێتییەکە کراوەتە دەرەوە).
سێرهو گێراسی (بۆرووسیا دۆرتموند): 4 گۆڵ، 0 ئەسیست، 438 خولەک یاریکردن (لە پاڵەوانێتییەکە کراوەتە دەرەوە).
یاساکانی فیفا بۆ یەکلاکردنەوەی براوە بەمشێوەیەیە:
زۆربەی هاندەران پێیانوایە ئەگەر گۆڵەکان یەکسان بن، خەڵاتەکە دابەشدەکرێت بەسەر یاریزانەکاندا، بەڵام فیفا یاسای روونی هەیە و تەنیا یەک براوە دیاری دەکات بەپێی ئەم رێزبەندییە:
یەکەم: زۆرترین گۆڵ
هەر یاریزانێک زۆرترین گۆڵی هەبێت، براوەیە. بەڵام لێرەدا چوار یاریزان یەکسانن.
دووەم: زۆرترین ئەسیست (گۆڵ دروستکردن).
ئەگەر یەکسانبوون لە گۆڵدا روویدا، فیفا سەیری ژمارەی ئەسیستەکان دەکات. لەم حاڵەتەدا، گۆنزالۆ گارسیا و مارکۆس لیۆناردۆ بە یەک ئەسیست لە پێش دیماریا و گێراسییەوەن کە هیچ ئەسیستێکیان نییە. بەمەش رکابەرییەکە لەنێوان گارسیا و لیۆناردۆدا دەمێنێتەوە.
سێیەم: کەمترین خولەکی یاریکردن
چونکە گارسیا و لیۆناردۆ لە گۆڵ و ئەسیستدا یەکسانن، رکابەرییەکە دەچێتە سەر یاسای سێیەم، کە بریتییە لەو یاریزانەی کەمترین خولەک یاریی کردووە.
لە حاڵەتی ئێستادا: گارسیا تەنیا 379 خولەک یاری کردووە، لە کاتێکدا لیۆناردۆ 469 خولەک یاری کردووە. بۆیە بەپێی یاساکانی فیفا، گۆنزالۆ گارسیا لە ئێستادا براوەی پێڵاوی زێڕینە چونکە کەمترین خولەک یاریی کردووە.
سیناریۆکانی بەردەم گارسیا بۆ مسۆگەرکردنی خەڵاتەکە
چارەنووسی خەڵاتەکە ئێستا لەژێر پێیەکانی گۆنزالۆ گارسیادایە و لە یاریی پێشکۆتایی بەرامبەر پاریس سانجێرمان، چەندین رێگەی لەپێشە:
مسۆگەرکردنی خەڵاتەکە بە گۆڵکردن:
ئەگەر گارسیا تەنیا یەک گۆڵی دیکە تۆمار بکات، ژمارەی گۆڵەکانی دەبێتە 5 گۆڵ و راستەوخۆ و بەبێ هیچ یاسایەکی یەکلاییکەرەوە، دەبێتە براوەی پێڵاوی زێڕین. بەو مەرجەی هیچ یاریزانێکی دیکە ژمارەی گۆڵەکانی ئەو تێنەپەڕێنێت.
مسۆگەرکردنی خەڵاتەکە بە ئەسیست:
ئەگەر گارسیا گۆڵ نەکات، بەڵام یەک ئەسیستی تۆمارکرد، ئەوا ژمارەی ئەسیستەکانی دەبێتە 2 و بەتەنیا لە پێشەنگی ئەسیستکاران دەبێت، بەمەش بەبێ پێویستی بە یاسای خولەکەکان، خەڵاتەکە مسۆگەر دەکات. بەو مەرجەی هیچ یاریزانێکی دیکە ژمارەی گۆڵەکانی ئەو تێنەپەڕێنێت.
بردنەوەی خەڵاتەکە بەبێ گۆڵ و ئەسیست:
گارسیا لە دۆخێکی نایابدایە. تەنانەت ئەگەر لە یاریی داهاتوودا گۆڵ و ئەسیستیش تۆمار نەکات، هێشتا وەک براوە دەمێنێتەوە، چونکە پێش لیۆناردۆ کەوتووە بەهۆی یاریکردنی کەمترەوە. تەنیا ئەگەر یاریزانێکی دیکە بتوانێت لە دوو یاریی داهاتوودا بگاتە 5 گۆڵ یان زیاتر، ئەوکاتە مەترسی لەسەر دروست دەبێت.
بەمەش، چارەنووسی پێڵاوی زێڕین لەنێوان پێگەی بەهێزی گارسیا و چاوەڕوانییەکی زۆر کەم بۆ رکابەرانی دیکەدا ماوەتەوە. چاوەکان لەسەر یاریی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان دەبن، نەک تەنیا بۆ پەڕینەوەی یەکێک لەو دوو تیپە بۆ یاریی کۆتایی مۆندیالەکە، بەڵکو بۆ بینینی ئەوەی ئایا "راولە نوێیەکە" دەتوانێت یەکەم نازناوی تاکەکەسیی گەورە لەگەڵ یانەی شاهانەکە بەدەست بهێنێت؟.
|