ئەردۆغان: ئێران مافی خۆیەتی دژی چەتەگەری نەتانیاهۆ بەرگری لە خۆی بکات
6 کاتژمێر پێش ئێستا
154 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی بۆ هەر جۆرە سیناریۆیەک لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل ئامادەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''هەموو دامەزراوەکانمان لە ئەگەری دروستبوونی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە لەسەر تورکیا، لەسەر هێڵن''؛ باس لەوەش دەکات کە ''ئێران مافی رەوای خۆیەتی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بەرگری لە خۆی بکات''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی رەخنەی لە حکومەتی ئیسرائیل گرت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی بۆ سەر ''غەززە، لوبنان، سووریا و یەمەن کردوونی'' و وتیشی، ''نەتەنیاهوو زۆر دەمێکە لە تاوانی کۆمەڵکوژیدا هیتلەری ستەمکاری تێپەڕاندووە''.
سەرۆککۆماری تورکیا پێی وابوو رۆژێک دێت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دادگایی دەکرێ و راشیگەیاند، ''پشتیوان بە خودا زوو یان درەنگ، بەر لەوەی بچێتە ئەو دنیا، هەر لەم دنیایەدا دەچێتە دادگایەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی و باجی تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی دەدات''.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ''زەوینەی چەتەگەرێتیی خۆی فراوانتر کرد''؛ و ''لە بەرامبەردا، ئێران مافی تەواو یاسایی و رەوای خۆیەتی دژی ئەو چەتەگەری و دەوڵەتی تیرۆرە، بەرگری لە خۆی بکات''.
سەرۆککۆماری تورکیا هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە ''کردەی تیرۆریستی'' ناوبرد و وتیشی، ''ئیسرائیل خۆی خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و لەبارەی کاروچالاکییەکانی ئەتۆم هیچ رێزێک لە یاسای نێودەوڵەتی ناگرێت، چاوەڕێی تەواوبوونی دانوستاندن و ئەنجامەکانی نەکرد''.
لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، ئەردۆغان رایگەیاند، بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک ئامادەن کە مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست بکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد: ''هەموو هاوڕێ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان لەسەر هێڵن. هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ هەموو جۆرە دۆخێکی نەرێنی کردووە و دەشیکەین''.
|