سوپای پاسداران: بە دەیان مووشەک ئامانجە ستراتیژییەکانمان پێکاوە

15   کاتژمێر پێش ئێستا  339 جار خوێنراوەتەوە

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوی ژمارە 2ی خۆیدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ''بەڵێنی راست 3'' بۆ سەر ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ''بەوردی ناوەندە سەربازی و بنکە ئاسمانییەکانی رژێمی زایۆنی کراونەتە ئامانج،'' ئاماژە بەوەش کراوە، ''ئاسایشی ئێران هێڵی سووری هێزە چەکدارەکانە.''
 
لەدوای هێرشی بەیانیی هەینی 13-06-2025ـی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، تاران دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد. سوپای پاسداران لە دووەم راگەیێندراویدا رایگەیاند، ''بە دەیان مووشەکی بالیستیی کاریگەر، ئامانجە ستراتیژییەکانمان پێکاوە. دووژمن سەرەڕای هەوڵی رێگری، سەرکەوتوو نەبوو لە رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلەکانی ھێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.''
 
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، ''لەم ئۆپەراسیۆنەدا یەکە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ھێزی ئاسمانیی سوپا، بە بەکارھێنانی کۆمەڵێک سیستمی وردبین و زیرەک، ناوەندە سەربازییەکان و بنکە ئاسمانییەکانی رژێمی زایۆنی کە سەرچاوەی ھێرشی تاوانکارانە بوون بۆ سەر ئێران، کرانە ئامانج.''
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ''ناوەندە پیشەسازییە سەربازییەکانی رژێمی زایۆنی کە بۆ بەرھەمهێنانی مووشەک و کەرەستە سەربازییەکان بەکاردەھێنران، لە ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راست 3ـدا هێرشیان کرایەسەر''.
 
بەگوێرەی سوپای پاسداران، ئۆپەراسیۆنی ''بەڵێن راست 3''، لە وەڵامی فەرمانەکەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە کە لە لێدوانێکی تۆمارکراودا رایگەیاند، ''گەلی ئێران دڵنیا بن، خوێنی شەهیدانمان بە فیڕۆ ناچێت و هێزە چەکدارەکان تۆڵەیان دەستێننەوە.''
 
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیامی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەوەیە کە ''ئاسایشی ئێران ھێڵی سووری ھێزە چەکدارەکانە.''
 
پێشتر سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەڵێن راست 3ـی بە دروشمی ''یا علی بن ابی‌طالب''، لە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیلدا راگەیاندبوو.
 
بەرەبەیانیی هەینی، چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە.
 
لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.
 
بەپێی میدیای ئیسرائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بێت، تاوەکو ئێستا 40 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە برینداربوون. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە